Accessibility links

ئەمەریکا هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکات


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا سەدان سەرباز و فڕۆکەی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، وەک پەنتاگۆن دەڵێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی زیادبوونی هەڵمەتەکانی ئێران بۆ پلانی هێرشی دژ بە ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا. بۆ یەکەم جار کاربەدەستانی پەنتاگۆن ڕۆژی هەینی بە ئاشکرایی ئێران و بەکرێگیراوەکانیان تاوانبار کرد بۆ هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر تانکەرەکان لە نزیک میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و هێرشی موشەکی بۆ سەر عێراق.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی هەینی بە پەیامنێرانی گوت 1500 سەرباز کە زۆربەیان ڕۆڵی بەرگریکار دەبینن زیاد دەکرێت بۆ ئەو هێزەی لە سەرەتای ئەم مانگە لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئێران.

ئەم هەنگاوە بۆتە هۆی هۆشیاری دان بەو ئەندامانەی کۆنگرێس کە داوای بەڵگەو زانیاری زیاتر لەسەر هەڕەشەکانی ئێران دەکەن و ترسی ئەوەیان هەیە ئەمەریکا بکەوێتە شەڕێکی کراوەوە لەگەڵ ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناڕوونیەکی زۆر لە هەنگاوەکاندا دیارن لە کاتێکدا ترامپ لە نێوان هەڵوێستێکی توندی دژ بە ئێران دەبینرێت و هاوکات پەیامی کرانەوەی بۆ وتووێژیش دەدات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ڕۆژی هەینی لە میانەی قسەکانیدا لە کۆشکی سپی بەوە دەچوو شیانی شەڕ بە دوور بزانێت ئەو گوتی " لە ئێستادا پێم وا نییە ئێران شەڕی بوێت و بێ گومان پێم وانییە بە تایبەتی بیەوێت بکەوێتە شەڕەوە لەگەڵ ئێمەدا."

XS
SM
MD
LG