Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئارام موحەمەد


سەرنجەکان زۆرن لەسەر ڕۆمانی کوردی و بە تایبەتیش ڕۆمانەکانی بە هزر و خامەی نەوەی نوێ نوسراون، و باسێکی گەرموگوڕ لە کەموکوڕیی و کەلێن و بۆشاییەکانی ناو نوسینەکانیان دەکرێت، نەک شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی تێکستەکانیان.

لێرەدا نامەوێت بڵێم ڕۆمان و چیرۆک و تێکستە ئەدەبییەکانی تریشمان مایەی ڕەخنە لێگرتن نین، نا بەڵکو پێویستە شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم ژانرانە زوو بە زوو قسە لەسەر ئەم باسە بکەن و خاون خامەکانی لێئاگاداربکەنەوە.

لەگەڵ ئەم باسانەشدا دەستبەجێ بەراوردی هەر ڕۆمانێکی ئەو نەوەیە بە شاکارە جیهانییەکانی دنیای ڕۆمان دەکرێت، لەکاتێکدا خۆمان خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییانە نین لە ڕۆمان.

بەبێ هیچ گومانێک پێویستە ئەو بێدەنگی و خامۆشییەی لەسەر نوسەرانی نوێ هەن، نەمێنێت و هەرچەندێکیش بتوانرێت ڕووبەری دیالۆگی نێوان نەوەی خاوەن ئەزموون و خاوەن تێگەیشتن لە نوسین لەگەڵ نوسەرانی ئەم نەوە نوێیەدا فراوان بکرێت، تا هەرهیچ نەبێت ئەم دوو نەوەیە تێگەیشتنێکی زیاتریان هەبێت لە زمانی یەکتر.

گرنگە خوێندنەوەمان بۆ ڕۆمانەکان هەبێت. لە کتێبخانەی کوردیدا سەدان ڕۆمان هەن و چاپکراون و کەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەر، بەڵام لە بەرامبەردا ژمارەیەکی ئەوتۆی کتێبەکانی دەبنە سەرچاوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان لە ژمارەی پەنجەی دەستێک تێناپەڕن.

ئەم جۆرە کتێبانە پێویستن، تا تێمان بگەیەنێت، بۆ نمونە کات چەند گرنگە لە ڕۆمانەکان و لە چنینە دراماییەکاندا، تا پەیوەندییەکانی نێوان کات و کاراکتەرەکان و ڕووداوەکانمان بۆ شیبکاتەوە و ڕەهەندەکانی مانای سڕینەوەی کاتمان بۆ ڕاڤە بکات.

یانیش بە وردی باسمان لەوە بۆ بکات کە هەردوو ڕەوتی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانێک جا ئاسۆیی بن یان ستونیی بەبێ کۆمەڵێک پەیوەندی بەرابەر و نابەرابەریش دروست نابن و هەر یەکەشیان پەیوەندییەکی ئاشکرای هەیە بە کردارەکانی بەر لە ڕووداوەکان و چۆنیەتی بەستنەوەیان بە کردارەکانی پێش خۆی کە دواتر کردارە ئایندەییەکانی لێدەکەوێتەوە.

ئارام موحەمەد، چیرۆکنوس و ڕۆماننوس (بەپێی لیدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی پێشتری) لەوبڕوایەدایە پێوەر و قۆناغەکان بە هەمان کەرەستە و مۆدێلی کلاسیک ناخوێنرێنەوە.

هەر بەرهەمێکی ئارام موحەمەد دەخوێنمەوە، بەتایبەتیش چیرۆک و ڕۆمانەکانی لەگەڵ گێڕانەوەکاندا دەمبات و تێکەڵ بە ڕووداو و خەیاڵەکانی خۆیم دەکات و ڕێک لەو کاتانەشدا هەستێکی تەواو بە چێژی نوسینەکانی ئارام و ئەو زمانەی بەکاریدەهێنێتدەکرێت.

ئارام نوسەرێکە بە ئاگاهییەکی زۆرەوە دەکەوێتە گێڕانەوەکانی و توانیویەتی ئێمەی خوێنەر تێکەڵ بە جیهانە ئیستاتیکاکەی خۆی بکات و هەر لە دەستپێکی خوێندنەوەی ئارامەوە، ئیدی ئارەزوو دەکەیت پەڕە بە پەڕە لەگەڵیدا بکەویتە ڕێ و تا دەتبات لە کەنار ئارامییەکدا لەنگەرت پێدەگرێت و دەڵێت چاوەڕوانی هاتنی کەشتی و دەریایەکی نوێی تر ببە.

ئایا خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ ڕۆمان چەندێک دەروازەکان واڵا دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسیارە گەورەکان؟

ئایا پێویستە چیرۆکنوس یان شاعیرێکی سەرکەوتوو بیت تا دەست بە نوسینی ڕۆمان بکەیت؟

ئایا چیرۆک و ڕۆمانی کوردی توانیویانە ڕۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی دنیایەکی ئارام و ئاسودە لە هزری خوێنەردا؟

ئارام موحەمەد، چیرۆکنوس و ڕۆماننوس لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:16 0:00

XS
SM
MD
LG