Accessibility links

ئیسماعیل ڕەسوڵ: گرژیەکانی نێو کۆمەڵی ئیسلامی گەیشتە ئاستێک کە دەرکەوتەو دەرهاوێشتەی خراپی دەبوو


ئیسماعیل ڕەسوڵ
ئیسماعیل ڕەسوڵ

تا دێت ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی و کارگێڕ و کادیرانی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کە دەست لەکارکێشانەوەی خویان لە کۆمەڵی ئیسلامی ڕادەگەیەنن زیاتر دەبێت و دەگوترێت ژمارەیان لە ئێستادا زیاترە لە سەد کەس کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. لەوبارەیەوە ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە پشتراستی ئەو ژمارەیە دەکاتەوە و دەڵێت "خەڵکی دیکەش هەیە لەوانەیە لە داهاتوودا دەستلەکاربکێشنەوە و لە داهاتوودا بەرنامە و کار و پڕۆژەی خومان دەبێت هەر وا دانانیشن ، ئێمە بەرنامە و ستراتیژی خومان دەبێت چ لە رێگای رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنیەوە بێت چ لە رێگای حیزبی سیاسی".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەحمەد زێباری لە دەنگی ئەمەریکا ، ئیسماعیل ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە دەڵێت گرژیەکان گەیشتە ڕادەیەک دەرکەوتەو دەرهاوێشتەی خراپی دەبوو ئەوەی تەرکیزی لەسەر دەکەم بریتیە لە نادادگەری ناعەدالەتی نەمدەتوانی سەلاحیاتی خوم جێبەجێ بکەم، زور مافی خوم خورا تەنازولم لێی کرد بەڵام مافی ئەو خەڵکە نەمتوانی چونکە ئەو خەڵکە دەنگی بەمن داوە، ئاخیر هۆکار ئەوەبوو داوای پازدە خۆلەکم کرد لە ئەنجومەنی سیاسی بمدەنێ جەنابی ئەمیریش موافقەی کرد بەڵام دواتر ڕێگە نەدرا بتوانم لەگەڵ ئەو بەڕێزانە قسە بکەم لە ئاستی ئەنجومەنی سیاسی بە ئامادەبوونی جەنابی ئەمیریش ( مەبەست لێی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ) دیاربوو مامۆستاش ئەو دەسەڵاتەی نەبوو بەداخەوە دەبوایە ئەو دەسەڵاتەی هەبوایە.

لەبارەی چۆنیەتی پێشوازیکردن و هەڵواستە لەسەرکردنی بڕیاری دەستکارکێشانەوەی ئەو هەموو ئەندام و کادیرو بەرپرسانەی کۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانەوە ، ئەو ئەندام سەرکردایەتیەی کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە لەوبارەیەوە گووتی "وەکو وڵامی ڕەسمی هیچم نەبیستووە بەس وەکو وڵامی لاوەکی کە لە کۆڕ و ئەوانەدا باس کراوە و بۆمن هاتووە بە سلبی قەزیەکان دەخوێنمەوە دەبوو ئەو لەوە گەورەتر بووایە کە ئەو قەزیەیە بگاتە ئەو ڕادەیە بە تایبەتی ئەو کە لە هەولێر دادەنیشێت، چەند جاریش سەرەدانیم کردووە و وەزعەکانم تێگەیاندووە ئەگەر وا بروات کۆمەڵی ئیسلامی بەرەو هەڵدێر دەچێت لە لایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە کە ناتوانن ئیدارەی بدەن ، ناعەدالەتی لە هەندێک بابەتدا ناکرێت کەسێک سێ ئیش و سێ پۆستی هەبێت و کەسێکیش هیچی نەبێت ، بابەتەکان دوور و درێژە بە سی مقابلەش تەواو نابێت."

لەبارەی جیاوازی و ناعەدالەتی لە ژیان خوشگوزەرانی نێو ئەندام و کاربەدەستانی کۆمەڵی ئیسلامی ، ئیسماعیل ڕەسوڵ دەڵێت زیاتر ئەوەی کە دەبێتە ئەندام پەرلەمان وەزعی زور باش دەبێت و ئەوەی کە دەبێتە وەزیر وەزعی زور زور باش بێت ئەگەر نا بەشێک لە سەرکردایەتیەکانیش خوم یەکێک بووم لە سەرکردایەتیەکان لەوانەیە پۆلیسێک لەمن زیاتری وەرگرتووە ، بەڵام ئەو بابەتە هەستی پێ دەکرێت لە سەر هەندێک کەس لەوانەیە خانەنیشینی پەرلەمان بێت .

ناوبراو زیاتر دەڵێت یەکێک لە بریارەکان بریارێکی پۆلیسی درا لەوەی کە ئەگەر دەگەرێتەوە لەماوەی سێ ڕۆژدا گەر نا کەسێکی تر دادەنرێت ، کۆی ئەو هەموو شتانە و کەڵەکەبوونی ئەو هەموو بریارە نادرۆستانە وای کرد کە وەزعەکە بەو ئاراستەیە بروات تازە ئێمە لەوان جیابووینەوە و بەرنامە و پڕۆژەی خومان هەیە ، نیازمان نەبوو لە ڕاگەیاندنیش باس بکەین و بڵاوبکەین کێشە و گرفتەکان گەیشتە ڕادەیەک کە دەیان بۆختان کرا هەموو ئەوانە ناچاری کردین کە ئەگەر ڕانەگەیەنرێت لەوانەیە دەرهاوێشتەی خراپتری هەبێت.

بۆچی مامۆستا عەلی باپیر ئەو کێشانەی نێو خوی حیزبەکەی چارەسەر نەکرد تا جیابوونەوەی لێ کەوتەوە ؟

ئیسماعیل ڕەسوڵ گووتی "دەرئەنجام و سەرئەنجامەکە دەرکەوت کە کێشەکە بچووک نیە دیارە ئەوانیش بەتایبەتی کۆمەلێک نیازیان هەبوو خەڵکەکە وەدەرنێن چونکە هیچ دەرگایەک نەمابوو تەنها دەرگای چوونە دەرەوە، ئەگەر نا ئەو خەڵکە بە پەرۆشەوە بوو و پرۆژەکان و ئیش و کارەکانیش بە ڕێک و پێکی دەکرا تا ڕادەیەکی باش لە لایەن ئەو خەڵکەی کە ئێستا لە دەرەوەن".

بەرنامە و پڕۆژەی داهاتووی ئەوانەی کە دەستیان لەکارکێشایەوە ئایا رەوتێکی تری سیاسی دادەمەزرێنن ؟

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە دەڵێت" لە هەڵسەنگاندن و واقعی هەرێمی کوردستان و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیداین بەچ شێوازێک ئێمە بتوانین لە هەرێمی کوردستان خزمەت بکەین بە شێوازێکی فراوان خزمەت بە هەموو چین و توێژەکان بکەین لە داهاتوودا ولەبەر ئەوەی ئێمە تەنها ئەو دوو کەسو سێ و چوار کەسە نین کە پێشتر واباس دەکرا ئێمە خەڵکێکی باشمان لەگەڵە خەڵکێکی ڕۆشنبیر خەڵکێک لە ئاستی باڵادایە خەڵکێکی خوێندەوار و شارەزا و ماندونەناسە، ئێمە بەرنامە و ستراتیژی خومان دەبێت چ لە رێگای رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنیەوە بێت چ لە رێگای حیزبی سیاسی لە داهاتوودا ئەوانە ئەگەرن بەڵام ئێمە حەتمەن هەر بەو شێوازە دانانیشین، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەحزابی سیاسی لەگەڵ رێکخراوەکانی ئێن جی ئۆ پێمان وایە بتوانین خزمەتێک بکەین".

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:30 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG