هەتا دێت دۆخى که‌رکوک و خانه‌قین و ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان ڕوو له ئاڵۆزبوونى زیاتر ده‌کات، به‌رپرسانى کوردیش پێیانوایه دۆخى ئه‌و ناوچانه گه‌یشتۆته لێوارى ته‌قینه‌وه و چیتر "به‌رگه‌ى کوڵان"ى زیاتر ناگرێت.
فراکسیۆنه کوردیه‌کانى نێو په‌رله‌مانى عێراقیش، له راگه‌یه‌نراوێکدا که ئه‌مڕۆ شه‌مه، ئاراسته‌ى ڕاى گشتى و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانیان کردووه، هۆشداریان داوه له کۆچى به کۆمه‌ڵى کوردان له‌ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان و به‌تایبه‌ت له‌سنورى خانه‌قین ى پارێزگاى دیاله.
شێرکۆ میروه‌یس ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"دۆخى ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان له لێوارى ته‌قینه‌وه‌یه‌کى گه‌وره‌دایه، دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه چیتر تواناى ئارام گرتنیان نه‌ماوه."
په‌رله‌مانتاره‌که‌ى عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌رۆژانى ڕابردوودا 4 هاوڵاتى کورد له خانه‌قین کوژراون و سه‌دان دۆنم زه‌وى کشتوکاڵیش سوتێنراون، وتى"ده‌بێت دامه‌زراوه فه‌رمیه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بێنه خه‌ت بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆخى ئه‌و ناوچانه."
له‌راگه‌یه‌نراوى فراکسیۆنه کوردیه‌کانى نێو په‌رله‌مانى عێراق دا، باسله‌وه‌کراوه به‌به‌رده‌وامى هه‌وڵى شێواندن و زیانپێگه‌یاندنى جوتیارانى کورد ده‌درێت، به‌و هۆیه‌وه زیاتر له 40 هاوڵاتى و کارمه‌ندى هێزه ئه‌منیه‌کان "شه‌هید"کراون، هه‌روه‌ها ده‌غڵ و دانى هاوڵاتیان ده‌سوتێنرێت و زه‌وى و زاره‌کانیان بۆمب رێژ ده‌کرێت، وه‌ک له راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا هاتووه"له‌ئێستادا هه‌مووان له دۆخێکى ناهه‌مواردا ده‌ژین و له‌به‌رده‌م مه‌ترسى به‌جێهێشتنى به‌کۆمه‌ڵى ناوچه‌که و زه‌وى و زارى جوتیارانداین."
هاتنه خه‌تى په‌رله‌مانتارانى عێراق، له‌کاتێکدایه جگه له سوتاندنى ده‌غڵ و دانى جوتیاره کورده‌کانى خانه‌قین، له‌سنورى که‌رکوکیش ده‌غڵ ودانى ژماره‌یه‌ک جوتیار له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌کانى ناوچه‌که‌وه دروێنه‌کراوه و هه‌وڵى به‌زۆر ده‌رکردنى کورده‌کان له‌گوندى په‌ڵکانه‌ى سه‌ربه ناحیه‌ى سه‌رگه‌ڕانیش دراوه.
شێرکۆ میروه‌یس وتى"له‌ڕۆژانى داهاتوودا وه‌کو په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى عێراق دا داده‌نیشین و کێشه‌کان ڕووبه‌ڕوو باس ده‌که‌ین."
ته‌نگ هه‌ڵچنین به کورده‌کانى ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان گه‌یشتۆته ئاستێک، که جۆرێک له یه‌کده‌نگى له‌نێوان فراکسیۆن و حیزبه کوردیه‌کاندا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى فشاره‌کان دروستبووه.