Accessibility links

ئەنوەر حسێن: تیرۆری کەسایەتی ڕۆژنامەنووسان وەک پێشێلکاری ھەژمار دەکرێ


ئەنوەر حسێن
ئەنوەر حسێن

ئەنوەر حسێن جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماری ساڵی ڕابردوو (٢٠١٨) ی پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەخاتە ڕوو و بە قسەی ئەو، پێشێلکارییەکان نزیکەی ١٣٦ حاڵەت بووە و وە جۆری پێشێلکارییەکان بەردەوام ئەوانەن کە خۆیان دووبارە دەکەنەوە وەک: لێدان و سوکایەتیپێکردن و ڕێگریلێکردن و پێنەدانی زانیاری. ڕایشیگەیاند " جوێندان و تیرۆرکردنی کەسایەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی پەیج و ئەکاونتی ساختەوە پێشێلکارییە و ئەوەیش ناشارێتەوە کە لە ھەرێمی کوردستان تیرۆرکردنی کەسایەتی ڕۆژنامەنووسان ڕێژەیەکی زۆری تۆمارکردووە و بەردەوامیشە و ئەگەر حکومەت و پەرلەمان یاسایەکی توند دەرنەکەن، ئەمە گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە."

ھەر لەم گوتووێژەدا جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان باس لەوەش دەکات کە لێکتێنەگەیشتن لە نێوان دەسەڵات و ئەواندا ھەیە ھۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاری رۆژنامەوانی وەک پیشەیەکی ڕەسمی نەناساندووە دەشڵێت " بەشی زۆری ئەو سکاڵایانەی چوونەتە بەردەم دادگا، بە دۆڕانی ڕۆژنامەنووس کۆتاییان پێھاتووە، چونکە ڕۆژنامەنووسەکە بێ ئەوەی زانیاری تەواوی لەژێر دەستدا بێ ھەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا ھەموو ئەو کەیسانەی کە لە شەقام روویانداوە، دەسەڵات دۆڕاندوویەتی و لەماوەی دە ساڵی رابردوویشدا ٩٦٦ حاڵەتی پێشێلکاری لەسەر شەقام بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە و ئەمەیش حکومەت و دام و دەزگا ئەمنییەکان لێی بەرپرسن."

ئەنوەر حسێن لە بارەی بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی ناوچە جێناکۆکەکان گوتی: ئێمە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەیەکی گشتیمان لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراقیدا ھەیە و وە یەکێک لە خاڵەکانی دانیشتنەکەمان ئەوەیە کە لەگەڵیاندا رێکبکەوین لەسەر ئەوەی ھەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ناوچە جێناکۆکەکانن ماف و ئیمتیازی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراقیان ھەبێ وە بە پێچەوانەیشەوە ھەموو ئەندامەکانی ئەوان لە ھەرێمی کوردستان ھەمان ماف و ئیمتیازیان پێبدرێ و پێشموایە ئەم رێککەوتنە رێککەوتنێکی باش دەبێ.

تەواوی گوتووێژەکە لەم فایلە دەنگییەی خوارەوە گوێبیست بن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:47 0:00

XS
SM
MD
LG