له‌کاتێکدا زۆرێک له‌به‌رپرسانى سه‌ربازى عێراقى کۆتایى هاتنى داعشیان له عێراق ڕاگه‌یاند، به‌ڵام هێرشى به‌رده‌وامى ڕۆژانى ڕابردووى ئه‌و ڕێکخراوه گۆڕانکارى به‌سه‌ر بۆچوونه‌کاندا هێنایه‌وه.
دواى بێده‌نگبوونى داعش بۆ ماوه‌ى نزیکه‌ى مانگێک و نه‌مانى جم و جۆڵیان، ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێکه چه‌کدارانى ئه‌و ڕێکخراوه له پارێزگاکانى که‌رکوک، دیاله و سه‌ڵاحه‌دین ده‌ستیان به هێرش کردۆته‌وه.
نازم که‌هیه ڕێکخه‌رى پێشووى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدى شه‌عبى، هۆکارى جم و جۆڵه‌کانى داعشى بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا ئاشکراکرد، گوتی "هێزه‌کانى حه‌شد و پۆلیسى ئیتیحادى سه‌رکرده‌یه‌کى داعشیان له سنورى حه‌مرین کوشتووه و ته‌رمه‌که‌یان له‌سه‌ر جاده‌ى گشتى فڕێداوه."
ناوبراو گوتیشی"فڕێدانى ته‌رمى سه‌رکرده‌که‌یان له‌سه‌ر جاده، داعشى ته‌واو توڕه‌کردووه، چونکه ئه‌وان به سوکایه‌تیان لێکداوه‌ته‌وه."
هه‌فته‌ى ڕابردوو، هێزه عێراقیه‌کان ئۆپه‌راسیۆنێکیان بۆ سه‌ر زنجیره چیاکانى حه‌مرین ئه‌نجامدا، له‌و هێرشه‌دا کوژرانى سه‌رکرده‌یه‌کى داعشیان ڕاگه‌یاند.
له‌دواى ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ى هێزه عێراقیه‌کانه‌وه، داعش له سنورى خانه‌قین و که‌رکوک و سه‌ڵاحه‌دین هێرشى چه‌کدارى ده‌ستپێکردۆته‌وه و ته‌نها له‌چه‌ند شه‌وى ڕابردوودا، چه‌ند هێرشێکیان کردۆته سه‌ر ده‌وروبه‌رى خانه‌قین.
ئه‌بو مونته‌زر فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌دیاله، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ڕاگه‌یاند"زانیارى هه‌واڵگیریمان هه‌یه گونده‌کان هاوکارى داعش ده‌که‌ن، بۆیه پلانى ئه‌منیمان بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخه‌که داناوه."
پێشتر عه‌لى حسێنى وته‌بێژى حه‌شدى شه‌عبى، ئه‌وه‌ى بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا ڕوونکردبوویه‌وه که‌داعش کۆتایى هاتووه، به‌ڵام سیاسیه‌کان بازرگانى پێوه ده‌که‌ن.