Accessibility links

رۆژنامەنووسانى کەرکوک: ڕێگرى لە کارى میدیایى دەکرێت


ڕۆژنامەنووسانى کەرکوک، دەڵێن ئازادى کارى رۆژنامەنووسى لە شارەکەیان سنووردارکراوە، ئیدارەى کەرکوک و هێزە ئەمنیەکانیش بە لە قاڵبدانى ئازادى میدیایى تۆمەتباردەکەن.

سۆران داودى پەیامنێرى کەناڵى حوڕە، ئاماژەى بەوەکرد رۆژنامەنووسان ناتوانن ئازادانە لە کەرکوک ڕوماڵى ڕووداوەکان بکەن، دەڵێت"جاران ئازادى بۆ کەناڵە حیزبیەکان زیاتربوو، بەڵام ئێستا گرفت بۆ ئەوانیش دروستبووە."

ناوبراو بە دەنگى ئەمەریکاى وت"رۆژنامەنووس دەبێت خۆى لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت و کارى خۆى بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاگادارى گیانى بێت، تا لەبرى گواستنەوەى هەواڵ، خۆى نەبێتە هەواڵ."

بەشێک لە رۆژنامەنووسانى کورد، پێیانوایە ئیدارەى شارەکە جیاوازى دەکات لە نێوان رۆژنامەنووساندا، بە تایبەت ئازادى زیاتر بۆ راگەیاندکارە عەرەب و تورکمانەکان فەراهەمکراوە.

هەردى محەمەد پەیامنێرى کەناڵى ڕووداو، پێیوایە ئازادى کارى میدیایى بۆ میدیاکارە عەرەب و تورکمانەکان فەراهەمکراوە، لە کاتێکدا تا ماوەیەکى زۆر ڕوماڵکردن لە هەندێک میدیاى کوردى قەرەدەغەکراو بووە.

پەیامنێرى کەناڵى ڕووداو، دەزگا ئەمنیەکان تۆمەتبار دەکات بە چاوسوورکردنەوەى لە ڕۆژنامەنووسان و ئیدارەى کەرکوکیش تۆمەتبار دەکات بەوەى هەوڵى ئەوە دەدات رۆژنامەنووسان بخاتە ژێر رکێفى خۆیەوە، وەکئەو دەڵێت"ئازادى کارى رۆژنامەگەرى لە کەرکوک تەواو سنووردارکراوە."

هاوکات ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێرى کەناڵى ئێن ئارتى لە کەرکوک، ئاماژەى بە گرفتێکى ترى بەردەم کارى میدیایى لە شارەکەى کرد، وتى"گەر بەرپرسى دام‌ودەزگاکانى کەرکوک خزمت نەبن، یاخود پەیوەندى شەخسیت لەگەڵیان نەبێت، زانیاریت پێنادەن."

لاى خۆشیەوە کاروان ساڵحى پەیامنێرى سایتى کەرکوک ناو، تازەترین نمونە بۆ ڕێگریکردن لە کارى میدیایى دەهێنێتەوە، دەڵێت"هەفتەى رابردوو کاتێک وەفدێکى ئەنجومەنى وەزیران سەردانى کەرکوکیان کردووە، بۆ ماوەیەکى زۆر ڕێگریان لێکردووە تا بچێتە نێو بیناى پارێزگا، لە کاتێکدا میدیاکارانى سەر بە نەتەوەکان تێیاندابووە بێ ناسنامەش کراونەتە ژوورەوە."

ئەگەر تا پێش 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 کارکردن بۆ میدیاکارانى سەربە حیزبەکان بێ گرفت بووبێت، ئەوا لەئێستادا ئەوانیش بەگلەین لە دۆخەکە.

خەبات نەجمەدین پەیامنێرى کەناڵى گەلى کوردستان ى سەربە یەکێتى نیشتیمانى، رەخنە لەئیدارەى کەرکوک دەگرێت بەوەى کەناڵە کوردیەکان بانگهێشتى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکان بەکەمى دەکات یاخود نایکات.

خەبات دەڵێت"ئیدارەى شار دوور لە چاوى راگەیاندن کارەکانى دەکات، زۆرجاریش دەزگا ئەمنیەکان رێگرى دەکەن لە رۆژنامەنوسان بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان."

هاوکات چیا رۆژبەیانى پەیامنێرى کەناڵى پەیامى سەربە کۆمەڵى ئیسلامى،ئیدارەى کەرکوک تۆمەتباردەکات بەوەى هەوڵى چاودێرى کردنى ڕوماڵى کەناڵەکانى راگەیاندن دەدات، باسیلەوەکرد رووماڵکردنى کێشە و گرفتەکانى دەرەوەى سەنتەرى کەرکوک بۆ رۆژنامەنوسان زور ئەستەمە، وەکئەو دەڵێت"بۆ چوونە قەزاو ناحیەکان، دەبێت رەزامەندى دەزگا ئەمنیەکان وەربگریت یان لەگەڵ خۆیاندا بچیت."

نیگەرانى رۆژنامەنوسانى کورد لە ئیدارەى کەرکوک و هێزە ئەمنیەکان لەکاتێکدایە، میدیاکارانى عەرەب و تورکمانیش، تا پێش 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ئیدارەى کوردى و هێزە ئەمنیەکانیان بە رێگریکردن لێیان تۆمەتبار دەکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:56 0:00

XS
SM
MD
LG