دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى حیزبه کوردیه‌کان بۆ ناوچه‌کانى پارێزگاى دیاله، بڕیاره سبه‌ینێ یه‌کشه‌مه له ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌ى سه‌ربه‌و پارێزگایه خۆپیشاندان ئه‌نجام بدرێت، به‌رپرسانى کوردیش ده‌ڵێن"ده‌ستى گروپه شیعیه‌کان و عه‌ره‌به‌کانى جه‌له‌ولا له پشت جوڵاندنى مهسهلهکهوهیه."
سه‌رچاوه‌یه‌کى به‌رپرس له ناحیه‌ى قه‌ره‌ته‌په‌ى پارێزگاى دیاله که داوای‌کرد ناوى بڵاونه‌کرێته‌وه، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند" خۆپیشاندانه‌که دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى حیزبى کوردى و به‌دیاریکراوى کۆمیته‌ى یه‌کێتى یه، چونکه ئه‌وان وا ده‌زانن کورد بگه‌رێته‌وه ده‌سه‌ڵاتیان نامێنێت."
وتیشى"بینایه‌کى ڕووخاو دیاریکراوه بۆ ئه‌وه‌ى باره‌گاى یه‌کێتى تێببرێتهوه، چه‌ند شه‌وێک له‌مه‌وبه‌ر بۆمبێک له‌نێو بیناکه‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه."
ئاماده‌کارى بۆ ئه‌نجامدانى خۆپیشاندان دژى گه‌ڕانه‌وه‌ى باره‌گاى حیزبه کوردیه‌کان له‌قه‌ره‌ته‌په، له‌کاتێکدایه پێشتریش هه‌وڵى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندان له جه‌له‌ولاش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دراوه.
محه‌مه‌د عومه‌ر به‌رپرسى کۆمیته‌ى قه‌ره‌ته‌په‌ى یه‌کێتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"له‌هه‌موو عێراق سونه و شیعه نه‌یارى یه‌کترین، که‌چى له‌دیاله بۆ دژایه‌تى کورد هاوهه‌ڵوێستن."
وتیشى"ئه‌وان واده‌زانن کۆمیته بگه‌رێته‌وه، ئیتر کورد و پێشمه‌رگه‌ش ده‌گه‌رێنه‌وه و پێگه‌یان لاواز ده‌بێت."
له‌ناوچه جیاجیاکانى پارێزگاى دیاله، زۆرترین ناکۆکى تایه‌فى له‌دواى ساڵى 2003 ڕوویداوه، به تایبه‌ت سونه و شیعه له‌و پارێزگایه شه‌ڕى خوێناوى له‌نێوانیاندا ڕوویدا ،له‌دواى هاتنى داعشیشه‌وه شه‌ڕ له‌نێوان پێشمه‌رگه و عه‌ره‌به‌کانى جه‌له‌ولا که له‌ژێر چه‌ترى داعشدابوون هه‌ڵگیرسا و تائێستا کاریگه‌رى ئه‌و شه‌ڕ و ناکۆکیانه به‌رده‌وامیان هه‌یه.