Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕۆژنامەوانیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق


هاوکاتی هەروادێ و نزیک بوونەوە لە 121ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، هێشتا ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ژێر فشاردان.

ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا کە نزیکەی 28 ساڵە کورد فەرمانڕەوای خۆیەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕۆژنامەوانانیان خستۆتە ژێر فشارەوە.

ڕۆژنامەوانە ئازادەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی زمانێکی ڕەخنە ئامێزیان هەیە بەرامبەر دەسەڵاتداران ئەوا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر دەبنەوە.

لە هەرێمی کوردستان بواری ڕۆژنامەوانیی دابەشبووە، میدیاکانی سەر بە لایەنە سیاسییەکانن باڵا دەستییەکی زۆریان هەیە بەسەر میدیای هەرێمی کوردستاندا و هەر ئەم باڵا دەستیەشە وەهای کردووە دنیایەک پرسیار و گومان لەسەر پرۆفێشناڵی میدیا بێتە ئاراوە.

لایەنە سیاسییەکان هەر بەوەندەوە نەوەستاون، ئێستا ژمارەیەکی بێشومار میدیای سێبەریان دروستکردووە، ئەرکی ئەم جۆرە میدیا نەخوازراوەش، زڕاندنی ناوبانگ و تۆمەت بەخشینەوەی بێ بنەما و چەواشەکردنی بینەر و بیسەر و خوێنەرە.

میوانی بەرنامە:
نیاز عەبدوڵا، نوسەر و ڕۆژنامەوان

لەپاڵ میدیا حیزبییەکاندا، ئێستا میدیای تاکە کەسەکانی ناو حیزب دروست بووە، ئەمیشیان کار لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان کەسەکانی حیزب دەکات، دەخوازێت زەمینەی بێ ڕکابەریی بۆ کەسایەتی خاوەنی ئەو میدیایە دروست بکات.

سەرچاوەکانی دارایی و زانیاری بۆ ئەو جۆرە میدیایانە کراوەن و سەرچاوەیەکی لە بن نەهاتوون.

لە بەرامبەر ئەم جۆرە میدیایانەشدا میدیایەکی تر لە نزیکەی 20 ساڵەی ڕابردوودا هاتە ئاراوە کە بە میدیای سەربەخۆ یان ئەهلی ناسرا. سەرەتای ئەم میدیایەش لە ڕۆژنامەی ئەوسای "هاوڵاتی"یەوە دەستپێدەکات.

بەڵام هێشتاش نەتوانراوە ئەوە یەکلا بکرێتەوە کە ئایا بەڕاست ئەو میدیایانەی بانگەشەی بێلایەنی دەکەن، خاوەنی چ جۆرە بەرنامە و پلانێکن و دەخوازن وەرگر بە چ ئاڕاستەیەکدا بەرن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە یاسایەکی تایبەت هەیە بە ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام وەک زۆرێک لە ڕۆژنامەوانان جەختی لێدەکەنەوە لەگەڵ ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و مافەکانیان دەکرێت "بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان" بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ کاربەدەستێک یان دەسەڵاتدارێکی ئاسایشی لەو هەرێمە لەسەر دۆسێی ڕۆژنامەوانێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکراوە و لە دادگادا بەپێی یاسا سزا نەدراون.

نکوڵی ناکرێت لەوەی هەوڵێکی تریش هەیە تا ڕۆژنامەوانیی بکاتە جۆرێک لە جۆرەکانی کارداری بەڵام وەک دەگوترێت ئەو جۆرە هەوڵە لە سەروو هەموو شتێکەوە پیشەیی خۆیی لەدەستداوە و ئەوەی بایەخی پێنەدات بەکارهێنانی زمانە (زمانی ڕاگەیاندن) و تێگەیشتن لە پەرەسەندنەکانی پاش ڕووداوەکان دێنە ئاراوە، بەڵکو بایەخە هەرە سەرەکییەکە گۆڕینی پیشەیی ڕۆژنامەوانییە بۆ بەرژەوەندی و مەبەستە تایبەتەکان.

لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆژیادا و پەرەسەندنی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، ئیدی لە هەرێمی کوردستانیش تۆڕەکانی فەیس بووک و تویتەر و ئینستگرام و هتد بوونە بەشێک لە میدیا. بەڵام خراپ بەکارهێنانی ئەم تۆڕانە وەهای کردووە کە نەتوانرێت سودێکی بابەتیانەیان لێ ببینرێت.

121 ساڵ بەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردیدا تێپەڕ دەبێت، وەلێ هێشتا ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی ڕژدمان نییە بۆ پیشەی ڕۆژنامەوانیی و کار و بەرهەمەکانی ڕۆژنامەوانی کوردی لەم 121 ساڵەی ڕابردوودا، ئەگەریش ئەو جۆرە ڕەخنە ڕژدەمان هەبێت ئەوا زۆر دەگمەنە.

ئایا هۆکارەکە چییە کە دوای 121 ساڵ میدیای کوردی نەیتوانیوە ببێتە هۆکارێک بۆ ئاڕاستە کردنی ڕووداوە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟

بۆچی میدیای سێبەر جێی مەترسی زیاترە بۆ خوێنەر و بیسەر و بینەر؟

ئایا میدیای لایەنە سیاسییەکان دەچنە خانەی میدیایەکی پرۆفێشناڵەوە؟

نیاز عەبدوڵا، نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:31 0:00

XS
SM
MD
LG