Accessibility links

 
دکتۆر کرمانج گوندی: سزادانی سوپای پاسداران هەنگاوێکی گرنگە بۆ سنوودارکردنی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا

دکتۆر کرمانج گوندی: سزادانی سوپای پاسداران هەنگاوێکی گرنگە بۆ سنوودارکردنی دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا


ڕۆژی سێشەممە یاسادانەرانی ئێران لە دەستپێکی یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمانی پاش ئەوەی کە کۆشکی سپی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە نێو لیستی ڕێکخراوی تیرۆرستی جیهانییەوە، بەجلوبەری ئەو هێزە نمچە لەشکرییەوە دروشمی دژە ئەمەریکایان دەگوتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند ئەو دەستنیشان کردنە تەنها ناوبانگی هێزەکە زیاد دەکات و گوتیشی " سوپای پاسداران لە هەمو کات زیاتر خۆشەویستن لە دڵی ئێرانییەکاندا".

ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئیش ستایشی هێزەکەی کرد و گوتی " دەستنیشانکرنی هیزەکە لەلایەن ئەمەریکای بەدکارەوە زیانیان پێناگەیەنێت."

ئەم بڕیارەی ڕۆژی دووشەممەی سەرۆک ترامپ بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو تیرۆرستی جیهانی هەڵوێستی جۆراو جۆری لە سەر ئاستی جیهانی لێکەوتۆتەوە چونکە ئەمە یەکەم جارە هێزێکی لەشکری وڵاتێک بخرێتە نێو لیستی تیرۆرستی جیهانیەوە.

دکتۆر کرمانج گوندی شارەزای کاروباری سیاسی و سەرۆکی بەشی پەروەردەیی زانکۆی تێنسی دەڵێت " دەستنیشانکردنی سوپاسی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ زیاتر لەپەراوێزنانی ئێران لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی. ئەو هێزە بەهێزترین قەوارەی حکومەتی ئێرانە کە ئەرکی بەرگری کردنە لە هەڕەشەی دەرەکی دژ بە ئێڕان و سەرکوت کردنی جودابیرانی ناوخۆیی."

لەو لێدوانە تایبەتەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دکتۆر کرمانج گوندی ڕیشیگەیاند " سوپاسی پاسدارانی شوڕشی ئیسلامی کۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەیی ئێرانیش دەکات. ئەو قەوارەیەیە کە بەرپرسیارە بەرامبەر کوشتنی سەدان سەربازی ئەمەریکایی لە عێراق. بەردەوام دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کاری کردووە. بۆیە سزادانی ئەم گروپە تیرۆرستە هەنگاوێکی بەرەوپێشچوونە لە سنووردارکردنی کاریگەری ئێران لە وڵاتانی وەکو یەمەن، سوریا و لوبنان. دەبێت ڕێگە لە ئێران بگیرێت و بۆ ئەنجامدانی ئەمەش پێویستە ڕێگە لەم ڕێکخراوە تیرۆرستە بگیرێت."

دوای ئەوەی لە مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا کشایەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن گرژییان تێکەوت، ئەمەریکاش هەموو سزاکانی سەپاندەوەی بەسەر ئێراندا.

XS
SM
MD
LG