Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا بە فەرمی سوپاسی پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرستەوە


سێ کاربەدەستی ئەمەریکایی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە نێو لیستی ڕێکخراوی تیرۆرستی بیانی، ئەمەش یەکەم جارە واشنتن هێزێکی لەشکری فەرمی وڵاتێکی بیانی بە گروپێکی تیرۆرستی لەقەڵم بدات.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەتا ڕۆژی دووشەممە ڕابگەیەندرێت کە چەندین ساڵە باس دەکرێت. بەڵام هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتانەش کە دژی ئەمەریکا هەنگاوی هاوشێوە دژ بە لەشکر و کاربەدەستانی موخابەراتی ئەمەریکایی بنێنن.

پەنتاگۆن ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە لێدوان بدات و ڕایگەیاند ئەمە پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوە هەیە. هاوکات کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەش لێدوانیان لەم بارەیەوە نەدا.

لە هەمانکاتدا نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەنەبووە دەستبەجێ وەڵام لەسەر ئەو بابەتە بداتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆ کە هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئێران هەیە، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ گۆڕانکاری لە ڕێبازی ئەمەریکادا وەکو بەشێک لە فشارەکانی بەڕێوەبەرایەتی تراپ بۆ سەر تاران.

ئەم ڕاپۆرتەش لە کاتێکدایە کە نزیک دەبینەوە لە یەکەم ساڵیادی کشانەوەی سەرۆک دانۆلد ترامپ لە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی وڵاتانی زلهێزی جیهانی لەگەڵ ئێران.

ئەم هەواڵە یەکەم جار لە گۆڤاری والستریتەوە بڵاو کرایەوە.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەتا ئێستا دەیان قەوارەو تاکەکەسی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کردۆتە نێو لیستی ڕەشەوە بەڵام هەتا ئێستا هەمو هێزەکەی دانەناوە.

XS
SM
MD
LG