Accessibility links

بارانێکی زۆر و بەردانەوەی بەنداوەکان دەبێتە هۆیی چۆڵ کردنی چەند ناوچەیەکی باشوری ڕۆژئاوای ئێران


کەناڵی تەلەفیزسیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، کاربەدەستانی ئێران فەرمانی چۆڵ کردنی شەش شارۆچکەی تریان لە هەرێمی خوزستانی باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە داوە، کە بەتەواوەتی لافاو دایپۆشیون.

غوڵامڕەزا شەڕیعەتی پارێزگاری خوزستان، بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند تیمەکانی فریاکەوتن هاووڵاتیان دەبەنە پەناهگا نزیکەکانی ناوچەکە لە ناویاندا سێ کەمپی لەشکریش.

فەرمانی چۆڵکردنی ئەو شارۆچکانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوی کە چاوەڕوان دەکرێت خولێکی نوێی باران و لافاو دەستپێبکاتەوە.

شەریعەتی ڕایگەیاند بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان بوون بەهۆی زیادتر بوونی لافاوەکە، بەڵام هەنگاوێکی لەو جۆرە گرنگبوو بۆ پاراستنی بەنداوەکان و دوورخستنەوەی مەترسی کارەسات لە کاتێکدا بەردەوام ئاوای ڕووبارەکانیش لەبەرزبوونەوەدان.

داوا لە گەنجەکانی ناوچەکەش کراوە بمێننەوە بۆ هاوکاری کردنی تیمەکانی بەهاناچوون.

وەزیری ناوخۆی ئێران عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزلی بە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند نزیکەی 400 هەزار کەسی لەو پاێزگایەی کە دانیشتوانەکەی 5 ملیۆن کەسە لە مەترسیدان.

11 شارۆچکەو ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکان چۆڵ کراون. هەتا ئێستا فەرمانی چۆڵکردنی هێچ کام لە شارە سەرەکییەکانی پارێزگاکە نەدراوە لە ناویاندا ئەهوازی پایتەختی پارێزگاکەش کە نزیکەی 1 ملیۆن و 7 سەد هەزار کەسی تێدا دەژین.

کاربەدەستان دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم لافاوەوە گیانیان لە دەستداوە 70 کەسن.

XS
SM
MD
LG