Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئاکەپە و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان


ئەگەرچی هێشتا کێشە و گرفتەکانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی تورکیا یەکلانەکراونەتەوە، بەڵام نکوڵی ناکرێت لەوەی ئاکەپە لە ڕەوشێکی خراپدایە بەتایبەتی پاش لەدەستدانی شارەوانییەکانی ئانکەرە و ئەستانبوڵ.

ئاکەپە داوای ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان دەکاتەوە، بە مانایەکی تر گومان دەخاتە سەر پرۆسەی هەڵبژارن.

بە هەمان ئەندازەی ئەوەی ئەنجامە بەراییەکان دڕدۆنگی و نیگەرانی لای ئاکەپە دروستکردووە، ئەو ئەنجامانە بۆ ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە هێندە و زیاتریش مایەی هەناسەدانێکی ئاسودەیی بووە و لە هەمان دەمیشدا ئاستی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و ڕوانینەیان زیاد کردووە کە دەشێت هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 31 ی مانگی سێی 2019 وەک سەرەتایەک بۆ کۆتایی هەژموونی پارتی داد و گەشەپێدانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دابنرێت کە نزیکەی بیست ساڵە سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتن بەدەست دێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا.

لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا لە تورکیا، ئاکەپە زۆرێک لە کاندیدەکانی لایەنەکانی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەی بە پشتیوانکاری تێرۆریزم ناودێر دەکرد؛ وەک چاودێر دەڵێن دەشێت ئەو جۆرە گوتارانە یەکێک بووبێت لە هۆکارە سەرەکییەکانی داکشانی دەنگەکانی ئاکەپە، وەک دەگوترێت لەوانەشە نیگەرانیشی لای ئەندامان و هەوادارانی ئاکەپەش دروستکردبێت.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان جیاواز لە جارانی تر، لایەنەکانی ئۆپزسیۆن خۆیان نەخستە ڕەوشێکەوە تا بگوترێت هەرچییەک دەڵێن کاردانەوەیە، لایەنەکانی ئۆپزسیۆن لە تورکیا وەڵامێکی ئەوتۆیان نەبوو بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە و ئاکەپەیان لەناو ئەو جۆرە هێرشە توند ئامێزانەدا بە تەنیا جێهێشت.

کورد لەو هەڵبژاردنەی شارەوانییەکاندا ژمارەی دەنگەکانیان کەمی کردووە، وەک دەگوترێت دەشێت بەهۆی ئەو ڕەوشە نائاساییەوە بێت کە لەناوچە کورد نشینەکانی تورکیادا هەیە.

پێشتر ئانکەرەی ئەردۆگان هەوڵێکی زۆری دەدا تا لایەنە کوردیەکان نەگەنە ڕێژەی لە سەدا دە لە هیچ هەڵبژاردنێکدا، بەڵام کاتێک کورد توانی سەرکەوتووانە ئەو ڕێژەیە تێبپەڕێنێت، ئیدی سیاسەتێکی تر بەرامبەر کورد گیرایەبەر، لەوانە دەستگیرکردنی سەرکردە کوردەکان و ئەندامانی پەرلەمان و چالاکوانانی کورد و زیندانیکردنیان بە تاوانی ئەوەی پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکەن.

دەوڵەتی تورکیا زۆرێک لە شارەوانە هەڵبژێردراوە کوردەکانی لە پۆستەکانیان دوور خستەوە و دواتر خەڵکی جێی متمانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان خرانە شوێنەکانیان.

هەدەپە کە لایەنێکی سەر بە کوردە لە تورکیادا نەیتوانیوە بەو شێوەیەی دەیخوازێت هەڵمەتی هەڵبژاردن بکات چونکە زۆربەی هەرە زۆری میدیا لەو وڵاتەدا کەوتۆتە ژێر دەستی ئاکەپەی فەرمانڕەوای وڵاتەکەوە و لەمەشدا نابەرابەرییەکی بەرچاو بەدی دەکرا هاوکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن. ئەمانە بێ لەوەی

گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دیمۆگرافیای ناوچە کورد نشینەکانی تورکیادا ڕوویداوە.

شیکەرەوە لە تورکیا ئاماژە بە فاکتەرە دەرەکییەکانیش دەکەن لەو هەڵبژاردنەی شارەوانییەکاندا و دەڵێن هۆکارێکی تری داکشانی دەنگەکانی ئاکەپە بەهۆی سیاسەتە دەرەوەییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە بووە، وەک دەستێوەردانەکانی تورکیا لە سوریادا و هەروەهاش ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکادا.

ئایا دەشێت وەها بڕوانینە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی تورکیا کەم دەکەنەوە؟

ئایا هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا سەرکەوتووی مانگی بوو؟

ئایا کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکاندا هەر تەنها پەیوەندی بە ڕەوشی ئابوری تورکیاوە هەبووە؟

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:05 0:00

XS
SM
MD
LG