بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک_گەرمیانى پارتى، ڕەتیدەکاتەوە حیزبەکەى بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاکان لەکەرکوک بکات، ئەگەر دۆخى پارێزگاکە ئاسایى نەکرێتەوە.
لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، کەمال کەرکوکى دەڵێت"تا دۆخى سیاسى و ئەمنى و ئیدارى کەرکوک ئاسایى نەکرێتەوە، بەشدارى هەڵبژاردن لەکەرکوک ناکەین."
جەختیشیکردەوە، پرۆژە بۆ دۆخى کەرکوک پێشکەشکراوە و گفتوگۆى لەسەر دەکرێت، تا ئەنجامى گفتوگۆکان دەرنەکەون، بڕیارى بەشدارى لەکەرکوک نادەین.
بەپێى وتەى بەرپرسەکەى پارتى، هەموو لایەنەکان بە ئەمەریکى و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە لەهەوڵدان بۆ ئەوەى هەڵبژاردن لەکەرکوک نەکرێت، تا ئەوکاتەى هەلێکى وا دەرەخسێنرێت هەموو لایەنەکان پێی ڕازى بن.
دکتۆر کەمال کەرکوکى، بەپێویستیزانى پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردن ، تۆمارى دەنگدەران پاک بکرێتەوە و ئەنجومەنى پارێزگا کارا بکرێتەوە.
بەبڕواى بەرپرسەکەى پارتى، ناوچەکانى رۆژئاواى کەرکوک چەند ساڵێکە لە ژێر کۆنترۆڵى داعشدان، وتى"بۆیە نازانین کێ مافى دەنگدانى هەیە، کێ نیەتى، کێ خەڵکى ناوچەکەیە و کێ لە جێگەى ترەوە هاتووە، دەبێت ئەمانە لەیەکترى جیا بکرێنەوە."
یەکلایى نەبوونەوەى پارتى بۆ بەشدارى کردن لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، لەکاتێکدایە بریارە کۆتایى ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەشێک لە لایەنە کوردیەکان باس لە یەک لیستى دەکەن.