Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کابینەی نۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا


زۆر دەمێکە دەگوترێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دانویان پێکەوە ناکوڵێت و بێ یەکتریش هەڵناکەن.

دوو لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا لە ساڵی 1991ەوە فەرمانڕەوای هەرێمەکەیانن بەڵام هێندەی ئەوەی زەمینەی جیاوازی و بێ متمانەییان فراوان بووە، پارتی و یەکێتی هێندە نەیانتوانییوە پەرە بە زەمینەی هاوبەشی نێوانیان بدەن.

باشترین نمونەش ئێستای ڕەوشی سیاسی هەرێمە، گرفت و کێشەکان و ڕوانین و داواکارییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە بۆتە تەگەرەیەکی سەرەکی لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ.

میوانی بەرنامە:
بەکر سدیق، پسپۆڕی یاسا، زانکۆی ڕاپەڕین

لە پاش هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 30ی مانگی نۆی ساڵی 2018 ەوە، پارتی و یەکێتی ژمارەیەک کۆبوونەوەیان کردووە بەڵام هەر هەموویان بێ ئەنجام بوون و دواترینیشیان کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە 27-03-2019 ی نێوانیان بوو و ئەمیشیان بەبێ هیچ ئەنجامێکی دیاریکراو کۆتایی پێهات، بەڵام کاربەدەستانی هەردوو لا پاش هەر کۆبوونەوەیەک بە میدیاکان دەڵێن؛ کۆبوونەوەیەکی باش بوو، تێگەیشتنێکی باش دروست بووە، هاوڕایی هەیە، پێکەوە کار دەکەین، ئامانجەکان یەکن، درێژە بە کۆبوونەوەکان دەدەین و هتد، ئەم جۆرە لێدوانانەشیان لە کاتێکدایە وەک زۆرێک لە شیکەرەوە دەڵێن هیچ تروسکاییەک لەوسەری تونێلەکەوە نابینن.

وەک دەگوترێت هەزار ڕۆژی کۆبوونەوەکردن زۆر باشترە لە یەک خولەکی شەڕکردن، لە کاتێکدا شەڕ مێژووی هاوبەشی ئەم دوو لایەنەیە لە شاخ و لە شاریشدا.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە تەواوی دۆسێکانی تری تایبەت بە ژیانی هاوڵاتیان فەرامۆش بکرێن و تۆزی بیرچوونەوە دایان بپۆشێت، بەڵکو پێویست بە هەوڵی ڕژد هەن تا بتوانرێت حکومەتێک پێکبهێنرێت کە خەڵک هەست بکەن بەوەی ئەو حکومەتە نوێنەری خەڵکە و بەرژەوەندی گشتی دەخاتە پێش هەموو بەرژەوەندییە حیزبییەکانی لایەنەکانی بەشدار لەو کابینەیەدا.

کێشەکە هەر لەوەدا نییە پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆ ڕێکناکەون، گرفتەکە لەوەدایە هەر تێکچوونێکی هاوسەنگی هێز لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا کاریگەری دەبێت بەسەر ئایندەی هەرێمەکەوە لەو سۆنگەیەوەی هەر یەکێک لەم دووانە خاوەنی زۆنی خۆیانن ئەوەی بە زۆنی زەرد و سەوز ناسراوە و لەپاش ڕێککەوتنە ئاشتییەکەی واشنتۆنی نێوانیشیانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەتوانراوە تارمایی سنوری دێگەڵە هەر هیچ نەبێت کاڵ بکرێتەوە.

یەکێتی داوای بەشداریی و هاوبەشیی ڕاستەقینە و کاریگەر دەکات لە چوار ساڵی داهاتوودا، وە پێیشی وایە ئەو بەشداری و هاوبەشییە ڕاستەقینەیە دەبنە هۆکارێک بۆ ئارامی سیاسی و سەقامگیریی لە هەرێمەکەدا.

هەرچی پارتیشە خۆی بە سەرکەوتووی هەڵبژاردن دەزانێت و خاوەنی 45 کورسی پەرلەمانە پێدەچێت بە زۆرێک لە داواکانی یەکێتی بۆ پۆستەکان قایل نەبێت.

زۆر جاریش باس لەوە کراوە کە لەوانەیە پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە هاوپەیمانەکانی تریدا بەبێ یەکێتی کابینەی نۆ پێکبهێنێت، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە نەدراوەتەوە ئایا دەتوانێت یان نا؟!

هەرچۆنێک بێت ئێستا پارتی و گۆڕان پێکەوە هەوڵی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەدەن و بەپێی لێدوانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەیان بەرنوسی دۆسێی هەموارکردنەوەییاسای سەرۆکایەتییان خستۆتە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان.

ئایا کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەهەندی یاساییان هەیە؟

ئایا بژارەکانی بەردەم پاەرتی و یەکێتی وەک یەکن؟

ئایا لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دەتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژەیەکی کوردانە لە پێناو ئایندەدا؟

بەکر سدیق، پسپۆڕی یاسا لە زانکۆی ڕاپەڕین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:11 0:00

XS
SM
MD
LG