Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: کاروان قادر کابان


وێنەکێشانی سروشت کارێکی سانا نییە، چونکە دیمەنەکانی سروشت پڕن لە ڕەنگ و ئەوەش کارامەیی دەوێت تا بتوانرێت ئەو ڕەنگانە بگوێزرێنەوە سەر تابلۆ.

لە کاتی بیرکردنەوە لە وێنەکێشانی شەقامێک لە شەقامەکانی گەڕەکێکی دێرینی شارێک یان شارۆچکەیەک، یاخود بیرکردنەوە لەوەی ڕوناکی و تاریکی کۆڵانێک لە کۆڵانەکان وێنە بکێشیت هەر هیچ نەبێت بەلای بەندەوە جۆرێکە لە گیانبازی کردن بە ئەزموونی هونەرییەوە، لەو ڕوانگەیەوەی قەبارەیەکی گەورەی دیمەنێک بچوک دەکرێتەوە و لە تابلۆیەکدا جێی دەکەیتەوە لەگەڵ هەموو ئەو وردەکاریانەی لە دیمەنەکەدا هەن، خۆ ئەگەر هونەرمەندی شێوەکار ڕەنگێک بە هەڵە بەکاربێنیت یان لە گواستنەوەی تاریکی و ڕوناکییەکانی کۆڵانێکدا بەکارهێنانی فڵچە گونجاو نەبێت، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک بەهایەکی ئەوتۆی هونەری بۆ تابلۆکە نامێنێتەوە.

بۆ چەند هەفتەیەک دەچێت بە وردی لە تابلۆکانی هونەرمەند کاروان قادر کابان دەڕوانم، لەگەڵ هەر تابلۆیەکدا ئاستی سەرسامیم زیاتر و زیاتر دەبێت بەم هونەرمەندە شێوەکارەمان، بۆچی؟
بە پلەی یەکەم لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕەنگەکاندا و بە پلەی دووهەمیش کارکردنی لەسەر وردەکارییەکان و هۆکارێکی تریش ئەو هەموو عەشقەی بە تابلۆکانی دەبەخشێت.

کاروان، ڕێک وەک بڵێی لە گەشتێکی بەردەوامی هونەریدایە و دەگەڕێت بەشوێن دۆزینەوەی تایبەتمەندێتیدا، ئەمەش یەکێکە لە گەشتە هەرە قورسەکان بۆ هونەرمەندێک کە دەخوازێت ڕەنگ بێنێتە دەنگ و دواتر تابلۆکانی دەنگ بکێشێت.

کاروان کابان،یەکێکە لەو هونەرمەندە شێوەکارانەی لە کارە هونەریەکانیدا چێژێکی گەورە بە چاوی بینەر دەبەخشێت، چونکە کوردانە لەگەڵ بینەرانیدا دەدوێت.

پێدەچێت بیرەوەرییەکان لای کاروان، ئامادەییەکی بەردەوامی هەبێت و لەگەڵیاندا بژی، کات و شوێن گرنگییەکی زۆری هەیە لە تابلۆکانیدا ( بەشی زۆری تابلۆکانی کە بینیومن) کە بە دووری نازانم بەشێکی پەیوەندی بە سەروەختی منداڵیی ئەم هونەرمەندەمان بێت و بەشێکی تریشی بریتیبن لە جوان بینیەکانی خودی هونەرمەند خۆی.

دەکرێت بگوترێت لەو ڕوانگەیەوەی ڕەهەندەکانی تابلۆ لای کاروان کابان زۆرن و فراوانیشن، هەربۆیە دەشێت هەر یەکێک لە تابلۆکانی چەند مانایەکی ئاشکرا و پەنهان لە خۆ بگرێت.

یەکێک لەو شتانەی لە هەندێک لە تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەماندا جێی سەرنج و تێبینیم بوو؛ ئەوە بووە کە چاو دەخاتە جوڵەیەکی بەردەوام و بینایی دەهەژێنێت، هەژان و جوڵەیەک بەبێ هیچ ماندووبوونێک چونکە دەزانیت لە پانتایی تابلۆکەدا گەورە بێت یان بچوک کە ئەم هونەرمەندە هەر هیچ نەبێت بەشێک لە تۆی کردووە بە ڕەنگ و دەست دەبات بۆ پەنجەرە شکاوەکانی هەست و نەست و لەوێوە دیالۆگی خۆیمان لەگەڵدا دەست پێدەکات.

کاروان قادر کابان، ئەو هونەرمەندەیە پشت بە خۆی دەبەستێت و لە زۆرێکیش لە تابلۆکانیدا تایبەتمەندێتی ڕەسەنایەتی کوردبوونی خۆی پاراستووە و بە ئەرکی خۆیشی دەزانێت و لە هەمان کاتیشدا لە هەندێک تابلۆشیدا فۆرم و ڕەنگ باڵەفڕێیانە و ئازادانە دەفڕن. هەر هەموو ئەمانەش پاڵپشتن بە ئافراندن و خەیاڵە فراوانەکانی هونەرمەند خۆیەوە کاتێک لە یەک تابلۆدا مێژووی شەڕێکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان لە تابلۆیەکی تریدا باسمان لە چاوەڕوانی بۆ دەکات، یانیش لە تابلۆیەکی تریدا سەرگوروشتەی سەمای درەختێک یان گۆرانی ڕوبارێکمان بۆ دەگێڕێتەوە.

ئایا مەرجە لە هونەری شێوەکاریدا پشت بە ئەزموونی تر ببەسترێت تا هونەرمەند بیەوێت ببێتە خاوەنی ئەزموونی خۆی؟
ئایا هونەرمەند (کاروان قادر کابان) لە تابلۆکانیدا چیی زیاتر بە سروشت دەبەخشێت؟

ئایا بیرەوەری چەندێک ئامادەیی هەیە لای هونەرمەند کاروان و چەندێکیش هەوێنن بۆ کارە هونەرییەکانی؟
هونەرمەندی شێوەکار کاروان قادر کابان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:28 0:00

XS
SM
MD
LG