Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق داوای لەکارخستنی پارێزگاری نەینەواو جێگرەکەی دەکات


سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە پارێزگاری نەینەوا و جێگرەکەی لە پۆستەکانیان دووربخرێنەوە بەهۆی نقومبوونی قەیاغێکی پەڕینەوە کە بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی پتر لە 100 کەس.

عەبدومەهدی ڕوونیکردەوە کە داوایەکی پێشکەشی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووەو دەڵێت " کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی روون و ئاشکرا لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیدا هەبووە کە لەدەرئەمجامی لێپێچینەوەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە بەفیرۆدانی پارەو موڵکی گشتی و بەکارهێنانی خراپی پلەوپایەی فەرمانبەرییە؛ لەبەرئەوە داواتان لێدەکەیەن پارێزگارو جێگرەکەی لەسەر کار لابەرن".

بەپێی تێکستەکانی دەستوور ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگی ڕەها دەتوانێت پارێزگار لەسەر کار لاببات لەسەر بنەمای پێشنیازی سەرۆک وەزیران.

زۆربەی هەرەزۆری قوربانییەکانی قەیاخەکە کە ڕۆژی پێنج شەممە لە موسڵ نقوم بوو ژن و مناڵن کە خۆیان ئامادەکردبوو بۆ ئاهەنگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کە بەشێوەیەکی تایبەت کوردەکان ساڵانە ئەو ئاهەنگە سازدەکەن.

ڕۆژی هەینی کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی پارێزگار بەردبارانکرا لەلایەن خەڵکانی توڕەو ناڕازی موسڵەوە لەنزیک ئەو ڕووبارەی کە قەیاغەکەی تیادا نقومبوو.

سەرۆک کۆماری عێراقیش دکتۆر بەرهەم ساڵەح سەردانی موسڵ و ئەو شوێنەی کرد و خەڵکی توڕەبونیان دەربڕی.

XS
SM
MD
LG