Accessibility links

عەبدولڕەحیم ئەلشەمەری: پارێزگاری موسڵ بە کورسییەکەیەوە لکاوە دەبێت لابدرێت چونکە دەست لەکار ناکێشێتەوە


عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری

بەلانیکەم سەد کەس گیانیان لەدەستداوە لە ڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی وەرگەڕانی قەیاغەکەی شاری موسڵ وەک سەرچاوە تەندروستییەکانی پارێزگای نەینەوا ئاماژەیان پێکردووە.

زۆربەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵن.

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کە نوێنەرایەتی پارێزگای موسڵ دەکات دەڵێت ئەوەی ڕوویدا دەکرێت بە ڕەوشێکی کارەساتاوی بۆ شاری موسڵ وتەواوی پارێزگای نەینەوا ناودێر بکرێت.

عەبدولڕەحیم جاسم ئەلشەممەری دەڵێت پرۆسەی بەڕێوەبردن لەپارێزگاکە بە شێوەیەکی نادروستە و یەکێکیش لەو نادروستیانە ئەو گەندەڵییەیە کە بۆتە مایەی کارەساتی قەیاغەکە و ژیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری خەڵک و دەشڵێت ئەمەی ڕوویدا بەڵگەیەکی تری گەندەڵییەکانی کاربەدەستانی پارێزگاکەیە.

بەڕێز ئەلشەممەری جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە حکومەتی نێوەندی هەنگاوی دەستبەجێیی بنێت و دەڵێت دەبێت حکومەتی عێراق دەستبەجێ تەواوی کاربەدەستانی موسڵ، واتە پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لەکار لابدرێن و لە بری ئەوان دادوەرێکی پارێزگاکە دابنرێت کە جێی متمانە بێت تا جڵەوی کاروبارەکان لە دەست بگرێت تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنە خۆجێیەکان دەکرێن.

ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو قەیاغە یەکێک بووە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بواری گەشتیاریدا و پارێزگای موسڵ سەرپەرشتیاری بووە، بەڵام پڕۆژەکە دراوەتە کاردارێک کە پەیوەندییەکی زۆری بە کاربەدەستانی ناو پارێزگاوە هەیە و هەموو کەسێکیش زانیاری لەسەر گەندەڵییەکانی ئەو کاردارە هەیە.

بەڕێز ئەلشەممەری دەڵێت ئەو کاردارە (عوبێد ئەلحەدیدی) لەلایەن هێزێکی چەکدارەوە پشتیوانی دەکرێت و کەس ناتوانێت قسەی لەگەڵدا بکات، دەشڵێت تاوانبارە ڕاستەقینەکان عوبێد و کوڕەکەی لە هەولێر دانیشتوون و دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم هاوکار بن و ڕادەستی پارێزگای موسڵیان بکەنەوە.

(بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ عوبێد حەلحەدیدی دەستگیرکراوە.)

بەڕیز ئەلشەممەری دەڵێت ئەوانەی لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون تەنها کرێکار و کارمەندەکانی ئەو گازینۆیەن کە قەیاغەکەیان بەڕێوەدەبرد، بەڵام تاوانبارە ڕاستەقینەکان دەستگیرنەکراون و لە هەولێرن و شوێنیشیان ئاشکرایە و دەشڵێت پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکار بێت لە گەڵ پارێزگای موسڵدا و تاوانباران ڕادەست بکاتەوە نەک بیانشارێتەوە.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ عەبدولڕەحیم جاسم ئەلشەممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:12 0:00

XS
SM
MD
LG