Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: نەورۆزی کورد و ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان


نەورۆزە و بۆنەیەکی گونجاوە بۆ سیاسەتمەدارانی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق تا پەیامی ئاشتەوایی خۆیان جارێکی تر و وەک هەموو نەورۆزێکی تر بڵاوبکەنەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە پەیامانە بۆ یەکڕیزی و تەبایی و هاوهەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی وەک نەریتێکی لێهاتوە بۆ سیاسەتمەداران.

ئەو جۆرە پەیامانە لە ساڵیادی کارەساتەکانیشدا وەک کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و کارەساتەکانی تری بەسەر کورددا هاتووە دەبیسترێن و دەبینرێن.

بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو پەیامانەشدا هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ یەکێک لە داواکانی ئەو پەیامە ڕەنگاڵەییانەدا نەخراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هیچ کاتێک ڕێککەوتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم جێی دڵنیایی خەڵک نین، چونکە لەگەڵ هەر ڕێککەوتنێکدا دیمەنەکانی ڕووداوەکانی پێشتری نێوان ئەو لایەنانە دێنەوە بەرچاویان.

نە هەر ئەوەندە تەنانەت کاتێکیش دوو لایەن ڕێککدەکەون، لایەنی تر، تای نیگەرانییەکانی بەرز دەبێتەوە و بە گومانێکی زۆرەوە دەکەوێتە ڕوانین لەو ڕێککەوتنە، تەنها یەک پێداچوونەوەی خێرا بە میدیا سێبەرەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا بەتایبەتیش ئەوانەی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان) بەڵگەی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21 ی مانگی سێی ساڵی 2019، سەد و حەفتا و دوو ڕووژ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا حکومەتی نوێی هەرێم پێکنەهاتووە، ڕۆژ بەڕۆژیش کەلێنی نێوان لایەنەکان زیاتر دەبێت، لێدوانەکانیان بەرامبەر یەک توندتر دەبن.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شیکەرەوەی سیاسی

پارتی دەڵێت یەکێتی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیە، یەکێتی دەڵێت یەکێتی واژۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نەکردایە پارتی نەدەبووە خاوەنی 45 کورسی پەرلەمان، گۆڕان داوای کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەکات، لایەنە ئیسلامیەکان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، تەنها هاوبەشییەکی نێوانیان پاشگری ئیسلامییە بە ناوەکانیانەوە و هەر یەکەیان بە گوتار و شیکردنەوەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەوی تریاندا ئاخاوتنی خۆی دەکات، نەوەی نوێ دەڵێت ئۆپزسیۆنە، کۆتاکان کاری خۆیان بۆ یەکلاکراوەتەوە.

ئا لە ئاوەها ڕەوشێکدا گەورەترین و خۆشترین مژدەی دوو لایەنی یەکەم و دووهەمی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 30 ی مانگی نۆی ساڵی 2018، بە خەڵکی هەرێمەکەیان ئەوەیە لە دوای پشووەکانی نەورۆزەوە درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن بەڵام ناڵێن ئەگەری کرانەوەی گرێکوێرەکانی قەیرانەکانی هەرێم چەندێکە و چەندێکیش نییە.

یەکتر گوناهبارکردن وەک بارێکی باوی لێهاتووە، سڕینەوەی هەوڵی یەکتر بۆتە دیاردە، گوێ نەدان بە گوتارەکانی یەکتر سیاسەتی ڕۆژانەیە، بەکرێ گرتنی خەڵک بۆ برەودان بە ڕاکانیان لە ڕۆژنامە و گۆڤار و تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیادا کردویانەتە شتێکی ئاسایی و ئەو شتانەی دەستەبژێرەکانی ناو ئەو لایەنانە نایڵێن ئەوانە بۆیان دەڵێن، هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی یەکتر بۆتە تایبەتمەندێتی هاوبەشی نێوانیان، خۆ سەپاندن هەر دەمێکە لە ناویاندا هەیە ، خۆ بە ڕاست زانین و ئەوانی تر بە هەڵە زانین، بە کەسێتی کردنی دۆسێکان، خۆ بە خاوەن زان بۆ هەموو باشەیەک و دابەشکردنی خراپەکاری و بەد بەڕێوەبردن و گەندەڵی و هەژاری و بێکاری و لەدەستدانی دەرفەتەکان لە ئەستۆی ئەوانی ترە.

ئەم قەیران و ناکۆکی و ناتەبایی و لێکتێنەگیشتنی نێوان لایەنەکان بۆتە مۆتەکە و تارمایی سەر ئەگەر و نەگەرەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆی هەرێمی کوردستانیش.

ئەوە دروستە کە دەگوترێت ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە و هێشتا نەتوانراوە ئەو کابینەیە پێکبهێنرێت بەڵام باس لەوە ناکرێت چەندی تر کات پێویستە، چیی تر پێویستە بکرێت تا گێرمە و کێشەکانی ڕابردوو یان هەر هیچ نەبێت ئەوانەی کابینەی پێشوو دووبارە و سێ بارە نەبنەوە.

ئەگەرچی خوێندنەوەی زۆر کراون بۆ ئەو ڕەوشەی هەرێم، وەلێ زۆربەیان تەواوی قەیرانەکانیان لە چوارچێوەی دەسەڵات و داهاتدا چڕ کردۆتەوە و زۆر بە دەگمەن باس لە خواستە کەسییەکانی ناو دەستەبژێری سیاسی ناو لایەنەکان کراوە کە دەخوازن ئاڕاستەی هەموو شتەکان بە خواستی تاکە کەس بگۆڕن، بێباک لەوەی بەرژەوەندی گشتی چەندێک دەکەوێتە بەر مەترسییەوە.

زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی کورد لە نەورۆز و بۆنەکانی تریشدا داوای ئاشتی و پێکەوەژیان و وەلاوەنانی ناکۆکییەکان دەکەن، ئایا خۆیان ڕژدن لەسەر جێبەجێکردنی داواکانیان؟

ئایا پارتی و یەکێتی ناکۆکی ڕاستەقینە لە نێوانیاندایە وا تائێستا ڕێککنەکەوتون بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ؟

ئایا ڕێککەوتنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان جێی متمانەن؟

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:04 0:00

XS
SM
MD
LG