Accessibility links

شەڕو پێکدادانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و پاشماوەکانی داعش لە باغۆز بەردەوامە


A U.S.-backed Syrian Democratic Forces (SDF).
A U.S.-backed Syrian Democratic Forces (SDF).

هێزکانی سوریای دیموکرات کە هێزە کوردییەکان سەرپەرشتیان دەکەن پێکهاتوون لەنەتەوەی کورد و عەرەب بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی واشنتن ئەمڕۆ شەممە شەڕو پێکدادانی پچڕ پچڕیان دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەرپاکرد لەکاتێکدا داعش لەدوایەمین مۆڵگەی خۆی لەرۆژهەڵاتی سوریا گەمارۆدراوە.

بەڕێوبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات عەدنان عەفرینی ئەمڕۆ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "پێکدادانەکان دوێنێ هەینی روویداوەو تائێستاش بەردەوامە."

لە پێگەیەکەوە کە کەوتۆتە ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو باغۆزدا تیمەکەی فرانس پرێس ئەمڕۆ بە چاوی خۆیان بینیویانە کە دوکەڵێکی چڕی گەورە لەدوایەمین ناوچەی گەمارۆدراوی ژێر دەسەڵاتی داعش بەرزدەبێتەوە هەروەها گوێت لەدەنگی بۆردومانی چڕوپڕی فرۆکە جەنگیەکان و تۆپبارانی ناوبەناو دەبێت.

ئەم پێکدادانەی کۆتایی پتر دوابەدوای ئەو سێ هێرشە خۆکوژیانەی داعش دێت کە کردیانە سەر ئەو ئەو خەڵکەی کە باغۆزیان بەجێدەهێشت کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی 3 شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

هێزەکانی سوریای دیموکرات و فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان شەوانە دوایەمین مۆڵگە گەمارۆدراوەکەی داعش بۆردومان دەکەن، بەڵام رۆژانە بۆردومانەکان خاودەکەنەوە بەئامانجی تۆقاندنی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و وایان لێبکات خۆیان رادەستی هێزەکان بکەن و خەڵکە مەدەنییەکانیش لە شوێنەکە هەڵبێن.

شایەنی باسە لەم چەند هەفتەیەی پێشوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین جار هێرشی گەورەیان کردە سەر دوایەمین مۆڵگەی داعش و لەدەرئەنجامدا دەیان هەزار کەس هەڵاتن و خۆیان رادەستی ئەو هێزانە کرد کە زوربەیان ژن و مناڵ و ئەندامانی خێزانەکانی چەکدارەکانی دەوڵەتی داعش بوون و لەنێوانیاندا ژمارەیەکی زۆور بیانی تیادایە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات گومانبارەکانیان لەخەڵکەکە جیاکردۆتەوە کە چەکدار یان ئەندامی داعش بوون و گواستویانەتەوە بۆ گرتوخانەکان و ژن و ماڵ و مناڵەکانیشیان گواستۆتەوە بۆ کەمپەکانی باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە زوربەیان گوازراونەتەوە بۆ کەمپی ئەلهول.

لیژنەی فریاگوزاریی مرۆیی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە کەمپەکە لەبارودۆخێکی ناهەمواری مرۆییدایە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکانییەوە کە گەیشتۆتە 69 هەزار ئاوارە.

XS
SM
MD
LG