Accessibility links

ئاژانسێکی هەواڵ: دادگایەکی ئێران بڕیاری 7 ساڵ زیندانی بۆ نەسرین ستودە دەدات


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئیسنای نیمچە فەرمی ئێران دەڵێت بڕیاری زیندانی 7 ساڵ بۆ نەسرین ستودەی نووسەر و چالاکوانی ئێرانی دراوە.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە زاری دادوەر محەمەد موغیش سەرۆکی بەشی 28 ی دادگای شۆڕش لە تاران بڵاویکردووەتەوە، نەسرین ستودە بە 5 ساڵ زیندانی حوکمدراوە بە تۆمەتی پـیلانگێڕی لە دژی ڕژێم و 2 ساڵی دیکە بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای ئێران.

مەحمود بەهزاد ڕاد یەکێک لە پارێزەرانی نەسرین ستودە بە میدیاکانی گوتووە دادگا دانیشتنەکەی بەبێ ئامادەبوونی نەسرین بەڕێوەبردووە و حوکمەکەی داوە.

نەسرین ستودەی تەمەن 55 ساڵ لە ساڵی2010 هەتا 2013 زیندانی کرابوو بە تۆمەتی چالاکی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و پـڕۆپاگەندە لە دژی ڕژێم. ناوبراو یەکێک بوو لەو پارێزەرانەی بەرگریـیان لەو کەسانە دەکرد کە لە میانەی خۆپـیشاندانەکانی ساڵی 2009 دەستگیرکران. مانگی پـێنجی ساڵی ڕابردوو جارێکی دیکە دەسـتگیرکرایەوە.

بەپـێی یاسای ئێران لە ئێستادا نەسرین ستودە تەنیا ماوەی 20 ڕۆژی لەبەردەمدایە تاوەکو تانەبگرێت لە بڕیاری ئەمڕۆی دادگا.

XS
SM
MD
LG