Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: یاسین قادر بەرزنجی


دەشێت زۆر کەس هەبن لە بواری فەرهەنگیدا لە یەک کاتدا کار لە چەند ژانرێکی فەرهەنگیدا بکەن، بەڵام کەمن ئەوانەی بتوانن باڵادەستی خۆیان لە هەموویاندا بسەلمێنن.

بە دڵنیاییەوە یاسین قادر بەرزنجی یەکێکە لەوان، هونەرمەندێکی سەرکەوتوو لە شانۆدا، کارامە لە درامادا، خاوەن زمانێکی تایبەت لە نوسیندا و خاوەن شێوازێکی تایبەتیش لە ڕۆژنامەوانیدا.

یاسین و شانۆ دوو بەشی دانەبڕوان لە یەکتر، لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و دەتوانم بڵێم هەموو ئەوانەی نومایشتی (مۆڵەت)یان بینیوە گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن یاسین قادر بەرزنجی ڕۆحی کردبوو بە بەری کاراکتەری "بەخە شێت" دا. بۆخۆم لێتانی ناشارمەوە هەر جارێک سەیری ئەو نومایشتەم کردبێت کە ئێستاش پڕ بە دڵ حەز دەکەم بیبینمەوە، زیاتر و زیاتر ئارەزوومە لەوەی یاسین بەرزنجی بە جوانترین و ژیرترین شێت ناودێر بکەم، پێم خۆشە هەر بە ناوی بەخە شێتی شانۆی کوردییەوە بانگی بکەم.

نەک هەر "مۆڵەت" بە تەنیا بەڵکو لە زۆرێکی تری نواندنەکانیدا ئەم هونەرمەندەمان ڕۆدەچێتە ناخی ئەو کاراکتەرانەی ئاسایی نین، یان گرفتی دەروونییان هەیە، یان بیرکردنەوەی ئاڵۆز و جیاواز لە خەڵکی تریان هەیە، ئەوەندە قوڵ دەبێتەوە لەناو کەسێتی ئەو کاراکتەرانەدا وەک بڵێی ژیانی ڕۆژانەشی هەر ئاوەهایە، وەلێ کاتێک لە نزیکەوە دەیناسیت و تێکەڵ بە ڕۆحە هونەرییەکەی دەبیت ئەوجا بۆت دەردەکەوێت یاسین قادر بەرزنجی چ خەونێکی گەورەی هەیە بۆ ئایندەی هونەر.

یاسین قادر بەرزنجی، خاوەنی زیاتر لە سی کتێبە. نوسینەکانی بەرزنجی لە بوارەکانی شانۆ و بیبلۆگرافیا و ڕۆژنامەوانی و کتێنی تایبەت بە منداڵان و کتێبخانە و چەن بوارێکی تریش.

هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کتێبی "مەرگی وەنەوشە" ی ئەم هونەرمەند و نوسەرەمان بۆ پێنجەمین جار چاپ دەکرێتەوە.

"مەرگی وەنەوشە"لە بەرگەوە بۆ بەرگ کارەساتەکانی بەسەر ژنان و کچاندا هاتوون دەگێڕێتەوە و هەروەهاش ئەو نادادی و جەور و ستەمانەی لە ژنان و کچان دەکرێن بە داڕشتن و زمانێکی ڕۆژنامەوانیەوە دەیخاتە بەر دیدی خوێنەرانی.

ئایا دراما تەلەفزیۆنیەکان توانیویانە شانۆ بەرەو لە پەراوێزنان ببەن؟
بۆچی شانۆی کوردی وەک دەگوترێت لە قەیراندایە؟
ئایا دەشێت یاسین قادر بەرزنجی هونەرمەند و نوسەر، بەسەرهاتەکانی "مەرگی وەنەوشە" بکاتە پڕۆژەیەکی هونەریی؟
یاسین قادر بەرزنجی، هونەرمەند و نوسەر لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:17 0:00

XS
SM
MD
LG