Accessibility links

ھیوا عومەر: بەرنامەکانی حکومەت، ھەژاران ھەژارتر و دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر دەکات


هیوا عومەر

لە سەروەختی پێکھێنانی کابینەی نوێدا، حزبی شیوعی کوردستان، ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی بۆ چوار ساڵی داھاتوو ڕاگەیاند.

لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان سەربارەت بە بوون بە ئۆپۆزیسۆنی حزبەکەی ڕایگەیاند" ئەم بڕیارە لەسەر کۆمەڵێک بنەما دانراوە، لە ساڵانی ڕابردوو ئەم دەسەڵاتە تووشی چەندان قەیران بووەتەوە".

هیوا عومەر لە میانەی وتووێژەکەیدا کە لەگەڵ نارین ڕۆستەم ئەنجامی داوە گوتیشی " بەرنامە ئابوورییەکانی حکومەت ھەژاران ھەژارتر و دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەنتر دەکات. ئەمەی ھەیە قەدەر نییە و دەرئەنجامی سیاسەتی حکومەتە. جگە لەوە دوای چوار مانگ، ھێشتا کابینەی حکومەت پێکنەھاتووە و بەشی زۆری کێشەکان لەسەر پۆست و بەرژەوەندی حزبیین، ئەمانە ھۆکارن بۆ بە ئۆپۆزیسیۆنبوونمان."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا حزبی شیوعی بە تاکە کورسییەکەوە چی پێدەکرێ و دەتوانێ گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستاندا بکات؟

ھیوا عومەر ئەندام مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان گوتی "تێگەیشتنی ئێمە بۆ کاری سیاسی لەوە فراوانترە کە کورتی بکەینەوە لە خەباتی پەرلەمانی وەك ھەموو چەپەکانی دنیا کە زۆرجار بایکۆتی پەرلەمانیان کردووە. خەباتی پەرلەمانی بۆ ئێمە ھەوڵێکە بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان. ڕاستە ئێمە یەک کورسی پەرلەمانمان ھەیە بەڵام ئەو ھاوڕێیەی ئێمە نوێنەری ھەموو چەپەکانی کوردستانە، چەندایەتی بۆ ئێمە گرنگ نییە.. ئێمە ئەگەر لە پەرلەمانیش بین، قاچێکمان لە پەرلەمان و قاچەکەی دیکەمان لە ناو خەڵکە.

راستە ئێمە لە رابردوودا ھاوپەیمانیمان لەگەڵ حزبە دەسەڵاتدارەکان ھەبووە، بەڵام ئەگەر رای من وەربگریت.. پێویستە حزبی شیوعی بەم قەبارەیەوە بەشداری ھیچ کابینەیەك نەکات و ھەر ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە.

نەوەی نوێ لە رۆژانی ڕابردوودا خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆن ناساند حزبی شیوعی ئامادەیە ھاوپەیمانی لەگەڵ نەوەی نوێ ببەستێ؟

ھیوا عومەر لە وەڵامدا گوتی "ھەر لایەنێک پشتگیری لە ئازادی رادەڕبڕین و مافی ژن و دەستوورێکی سیکۆلاری بکات ، ئێمە بە خۆشحاڵییەوە ئامادەین بۆ ھاوپەیمانیکردنیان و ناتوانین دەرگا دابخەین، ھەرچەندە ئێمە دیدی سیاسیمان لەگەڵ نەوەی نوێ، زۆر لە یەکتری جودایە."

لە بارەی پڕۆژەی دەستوورێکی سیکۆلار کە لە ڕابردوودا پێشکەشیان کردبوو ڕایگەیاند "بیرۆکەی توندڕەوی لە ھەرێمی کوردستاندا لە پەرەسەندنە و کۆچی ئێزیدی و مەسیحییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێ: کوردستان بۆشایی دەستورێکی سیکۆلاری ھەیە. لە سایەی ئەم ئەقڵییەتەی ئێستایش.. ھەرێمی کوردستان نابێتە ھەرێمی ھەمووان و ھەرێمی کەسانێک و نەتەوەی باڵا دەست و ئایینی باڵا دەستە. ئێمەیش لە داھاتوو کار بۆ ئەوە دەکەین ئایین لە دەوڵەت جودا بکەینەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:59 0:00

XS
SM
MD
LG