Accessibility links

پێشنیارى لیژنەکەى بەغدا لەبەرژەوەندى جوتیارە کوردەکانى کەرکوکە


پێشنیارى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارانەى سەردەمى بەعس بۆ سەرۆکایەتى کۆمار و ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بەرزکرایەوە، کە تایبەتن بە زەویە کشتوکاڵیەکانى سنورى کەرکوک، هەروەها حکومەتى عێراق بەشێک لە دەسەڵاتەکانى لە پارێزگارى کەرکوک سەندەوە.

دروستبوونى کێشە لەنێوان جوتیارانى کورد و عەرەب لەسنورى کەرکوک، سەرۆکایەتى کۆمارى عێراقى هێنایە سەر هێڵ و لیژنەیەکى بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان پێکهێنا، کە لیژنەکە لە نوێنەرى لایەنە پەیوەندیدارەکانى عێراق و کەرکوک و جوتیاران پێکهاتبوو.

کاکەڕەش سدیق ئەندامى لیژنە پێکهێنراوەکە، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"لیژنەکەیان کارەکانى ئەنجامداوە و پێشنیاریان بۆ سەرۆکایەتى کۆمار و ئەنجومەنى وەزیران بەرز کردۆتەوە."

سەبارەت بە ناوەرۆکى پێشنیارەکانیان، کاکەڕەش سدیق ئاماژەى بەوەکرد پێشنیاریان کردووە بڕیارەکانى ساڵى 1970 ى حکومەتى عێراق کە تایبەت بوون بە لێسەندنەوەى زەوى لە ئاغاکان و دابەشکردنیان بەسەر جوتیارە کورد و تورکمانەکاندا وەکو خۆیان بمێننەوە، وتى"بەڵام داوامانکردووە بڕیارەکانى ساڵى 1975 کە تایبەت بوون بە لێسەندنەوەى زەوى لە جوتیارى کورد و تورکمان و پێدانیان بە جوتیارى عەرەبى هاوردە هەڵبوەشێنرێنەوە."

لەلایەکى ترەوە حکومەتى عێراق بەنوسراوى فەرمى، کە هەفتەى رابردوو ئاراستەى ئیدارەى کەرکوکى کردووە، بەشێک لە دەسەڵاتەکانى لە ڕاکان جبورى پارێزگارى کەرکوک سەندۆتەوە.

ئازاد جەبارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"راکان جبورى پارێزگارى کەرکوکە بە وەکالەت، هەندێک دەسەڵاتى بەکارهێناوە کە هى ئەو نەبوون، بۆیە حکومەتى عێراق هەندێک دەسەڵاتى لێسەندۆتەوە."

کێشەى زەوى یە کشتوکاڵیەکانى کەرکوک لە نێوان جوتیارانى کورد و عەرەب دا، لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 سەریهەڵداوە، کە کورد پارێزگارى کەرکوکى بەدەست هەبوون لەپشت دۆخەکەوە تۆمەتبار دەکرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:38 0:00

XS
SM
MD
LG