Accessibility links

ترامپ نکوڵی لەوە دەکات گۆڕانکاری بە بڕیاری کشانەوە لە سوریادا هاتبێت


سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بڕیارەکەی بۆ هێشتنەوەی ژمارەیەکی کەمی سەربازی ئەمەریکا لە سوریا مانای پاشگەزبوونەوە نییە لە پلانەکەی بۆ کشانەوەی هەمو هێزەکان لە وڵاتەکە.

ترامپ لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت " من لە بڕیارەکە ناکشێمەوە."

ئەو گوتی " زۆر بچووکە، ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکمان هەیە" ئەو مەبەستی زیاتر لەو 2000 سەربازە ئەمەریکاییانە بوو کە لە سوریا پشتیوانی هێزە کوردییەکان دەکەن لە شەڕی دژ بە داعش.

کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەند سەد سەربازێک لە سوریا دەهێڵێتەوە و ئەوانی تر دەکشێنەوە.

کاربەدەستێکی باڵای بەرگری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو سەربازانەی لە سوریا دەمێننەوە " هاوکاری هێزە خۆجەهیەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەن داعش سەرهەڵبداتەوە." کاربەدەستەکە گوتیشی لەو بڕوایەدایە ئەو چەند سەد سەربازە بەشێکبن لە هێزی ئاشتی پارێزی نێونەتەوەیی.

ترامپ ڕۆژی هەینی گوتیشی " ئێمە سەرکەوتنی مەزنمان بەدەستهێناوە لە شکستپێدانی خەلافەتەکە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەشێ هێزێکی بچووک لەگەڵ ئەوانی تردا بهێڵێتەوە جا هێزی ناتۆ بێت یان هێزێکی تر بۆ ئەوەی جارێکی تر خەلافەتەکە سەرهەڵنەداتەوە."

لە مانگی 12 ترامپ بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بڕیاری کشانوەی هەمو هێزەکانی ئەمەریکای دا لە سوریا هەتا کۆتایی مانگی چوار. بەم کارەی ئەو بەشێکی زۆری هاوپەیمانانی ئەمەریکای لە ئەوروپا ئالۆز کرد و ژمارەیەک لە هاوپەیمانانی خۆی لە واشنتۆن توڕە کرد.

سیناتۆری کۆماری لینزی گراهیمی نوێنەری کارۆلینای باشور کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ترامپ لە کۆنگرێس بە "بێماناترین" بڕیار ناودێری کرد.

بە پێی وتەکانی گراهم، وەزیری بەرگری بە وەکالەت پاتریک شانان کۆکە لەسەر ئەوەی کشانەوەی تەواوی سەربازانی ئەمەریکا لە سەریا ڕەنگە ببێتە مایەی سەرهەڵدانەوەی داعش و هێرشێکی تورکیا دژ بە هێزە کوردەکان و ڕەنگە ببێتە مایەی دەرفەتی زیاتر بۆ ئێران لە ناو سوریا.


XS
SM
MD
LG