Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: پارتی و یەکێتی و ئایندەی پەیوەندییەکانیان


لەوەتای ساڵی 1991 ەوە کە کورد فەرمانڕەوای خۆیەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە هەرچ کێشە و قەیرانێکدا تێپەڕبووبێت، ئەگەر هەر هەمووی نەبووبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشە هەرە زۆرەکەی لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بووە.

نکوڵی ناکرێت ئەم دوو لایەنە لە سەردەمی شاخیانیشدا ناکۆکی قوڵ و لە مێژینە هەبووە لە نێوانیاندا و ئەم ناکۆکیانەش دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1964 واتە کاتێک باڵی مەکتەبی سیاسی ناو پارتی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی دەکەوێتە جموجۆڵ لەناو پارتیدا لەبەرامبەر باڵی سەرکردایەتی پارتی کە بە سەرۆکایەتی مەلا موستەفای بارزان بوو. هەر لەو کاتەشەوە ئیدی وەک بەشێک لە جیاوازی سیاسی زاراوەکانی مەلایی و جەلالی لەناو بواری سیاسی کورددا دروست بوون و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕەهەندەکانی ئەو ناکۆکیانە درێژەیان هەیە و ئەم دوو لایەنەش لە ململانێکانیاندا دژ بە یەکتر بەکاریدەهێنن.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان دەسەڵات و داهات کرۆکی ناکۆکییەکانی ئەمڕۆی هەرێمن، هەر یەک لەو دوو لایەنە دەخوازن زۆرترین بەشیان لە دەسەڵات و لە داهاتدا هەبێت.

پارتی و یەکێتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان برەو بە دۆستایەتی کاتی خۆیان دەدەن لەگەڵ لایەنەکانی تری هەرێمی کوردستاندا، هەر بۆیەشە وەک دەگوترێت دووری و نزیکی پارتی و یەکێتی لە یەکترەوە سەنگی مەحەکی پەیوەندییەکانە لەگەڵ لایەنەکانی تردا.

ڕاستییەکی نکوڵی لێنەکراوی تر هەیە، پارتی و یەکێتی ناتوانن هیچ یەکێکیان بە تەنیا فەرمانڕەوایەتی و حوکمڕان بێت لە هەرێمی کوردستاندا و هەردوو لایەنیش ئەو ڕاستییە دەزانن و بڕوای تەواویشیان پێیە، بەڵام هەمیشە لەگەڵ هەر هەنگاوێکی نوێی سیاسیدا ئەم گرفتانەی نێوانیان جارێکی تر سەرهەڵدەدەنەوە و درێژەشیان دەبێت و وەک لە شەقامی کوردیشدا دەگوترێت " پارتی و یەکێتی بۆ کوێ دەچن ئەمجارەش هەر دەبێت ڕێکبکەونەوە."

ئایا لە دوای دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم، یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکات؟
ئایا پاش ڕێککەوتنە نوێیەکەی پارتی و گۆڕان هیچ متمانەیەک هەیە جارێکی تر دەرگای پەرلەمان دانەخرێتەوە؟
ئایا لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆدا لایەنە سیاسییەکان چ پڕۆژەیەکیان هەیە بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک لە هەرێمدا؟
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:30 0:00

XS
SM
MD
LG