Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دیار لەتیف


لە مێژووییەکی زۆر دێرینەوە بابەتگەلێکی زۆر لەسەر شیعر و دنیای شیعر دەنوسرێت و پێشدەچێت تا شیعریش هەبێت ئەو نوسینانەش کە دەگەڕێن بەشوێن پێناسەی شیعردا درێژەیان ببێت.

ئەگەر ئەمە دنیا ئەفسوناویەکەی شیعر نەبێت، ئەی دەبێت چی بێت کە هێشتا هەر نەتوانراوە هاوڕاییەک لەسەر پێناسەی شیعر بدۆزرێتەوە.

شیعرە ڕاستەقینەکانی جێی سەرسامیین، ئەوانەن ڕەهەندی کات تێدەپەڕێنن و درک بە جیهانە نهێنییەکەی ئەودیوی سنورەکانی بیرکردنەوە دەکەن، ئەڵبەت هەموو ئەم تێپەڕاندنانەش لە ئاگایی شاعیرەوە دەستپێدەکەن.

هێز و توانایی زمان لای شاعیر بەرپرسیاری سەرەکییە لە داڕشتن و گەیاندنی بیرکردنەوە و ئاگایی خودی شاعیر، هەر زمانیشە دەتوانێت داهێنانەکانی شاعیر بۆ مەودایەکی درێژخایەن بهێڵێتەوە و تێکستە شیعرییەکانیش بە زیندوویی بهێڵێتەوە و خوێندنەوەشیان لە هەموو سەردەمێکدا وەک پێداویستییەک بێت. هەر بۆیەشە زۆر جار دەبینین و دەبیستین کە شیعر وەک باڵندەیەکە و سنور ناناسێت و نایزانێت، بەڵام دەزانێت پێویستە لە ئاسمانی زماندا بفڕێت و بارە باوەکان جێبهێڵێت و مرۆڤبوون بکاتە ناسنامەی خۆی.

هێندەی ئەوەی ژمارەیەک لە شیعرەکانی کتێبی "زەوی پلاستیک" ی شاعیر (دیار لەتیف)م خوێندۆتەوە، زانیم ئەم شاعیرەمان ناتوانێت لە جێیەکدا جێگیر بێت و بەردەوام دەخوازێت خوێندنەوەکانی و نوسینەکانی تێکەڵەیەک بن لە کۆمەڵێک زەمەنی جیاواز لە یەکتری و تەواوی شوێنەکانیش بکاتە تەنها یەک جوگرافیا و پێمان بڵێت ئەرێ ئیتر بەس نییە ئەم هەموو جیاکارییە؟!

دیار لە شیعرەکانیدا کار لەسەر جۆرێک ڕەخنە و ناڕەزایی دەکات لە کاتێکدا باس و خواسەکان لەسەر مۆدێرنیزم هەروادێ و چڕ و پڕ دەبن و مرۆڤیشی خستۆتە بەردەم پرسیارگەلێکی ئێجگار گەورەوە. دیار لەتیف دەنوسێت " ئەم دەقانە قسە لەڕۆژگارێکی تازەی بێڕەحمدەکەن، زمانحاڵی ئەو مرۆڤە فەلەجکراوانەن، کە دەبوو ژیانێکی مرۆڤانەتر ژیابان، لەو ئازارانە دەپەیڤێت، کە ئاسمانێک نادۆزێتەوە بۆ ئاسودەیی، هەر کارەکتەرێکی ناو (زەویی پلاستیک)، خاوەن دەیان خەونن و زۆر تراژیدیانە زەوی جێدەهڵن.
ئەم زەوییەی کە بە مادەکان پیسکراوە، پەیامی دەقەکانی ناو زەوی، گەڕانەوەیە بۆ سرووشت و بەهاکان، سرووشتێک کە دوور لەڕۆمانسیات و بەهاگەلێک بێت؛ شایستەی مرۆڤ."

کاتێک کە شیعری دیار لەتیف دەخوێنینەوە دەسبەجێ ئەو هەستەت لەلا دروست دەبێت کە ئەم شاعیرەمان لە زۆرێک لە شیعرەکانیدا کار لەسەر ژیان دەکات و تواناییەکانی شیعرمان نیشان دەدات لە ژیاندا لەو سۆنگەیەوەی شیعر وەک ژانرێک لەسەرو ژانرەکانی تری فەرهەنگییەوە دەبینێت کە بەردەوام جوڵەی هەیە لەگەڵ هەست و نەستی مرۆڤدا.

ئایا ئەرکی شیعرە تەواوی سنورەکان ببەزێنێت لە پێناو ئافراندندا؟

ئایا شیعرەکانی دیار لەتیف، چیی دی زێد دەکاتە سەر ئەندێشە و مەینەتییەکانی مرۆڤ؟

ئایا دەکرێت دیوانە شیعری "زەوی پلاستیک" بە نمونەی پەیامێکی شیعری دابنرێت؟

(دیار لەتیف) ی شاعیر لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:50 0:00

XS
SM
MD
LG