ته‌نها دوو رۆژى ماوه بۆ واده‌ى دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، به‌ڵام تائێستا یه‌كێتى و پارتى رێكنه‌كه‌وتون و سه‌رگرتنى كۆبونه‌وه‌كه‌ش ئه‌گه‌رێكى لاوازه.
له‌كۆبونه‌وه‌كانى رابردووى نێوان مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و پارتى دا، بریاردرا رۆژى 18 ى ئه‌م مانگه ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له هه‌ولێر كۆببێته‌وه، به‌ڵام ناكۆكى نێوان ئه‌و دوو حیزبه، له‌مپه‌رى له‌به‌رده‌م كۆبونه‌وه‌كه‌دا دروستكردووه.
كامه‌ران كه‌ركوكى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له كوتله‌ى پارتى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"سه‌رگرتنى كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك به‌ستراوه‌ته‌وه به ده‌رئه‌نجامى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیه‌وه."
وتیشى"چاوه‌روانى ئه‌نجامى كۆبونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتین، گه‌ر بریار بده‌ن كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ده‌كرێت، گه‌ر نه‌شیده‌ن ئه‌وا نیساب ته‌واو نابێت."
گه‌ر رۆژى 18 ى مانگ، كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌هه‌ولێر به‌رێوه‌بچێت، ئه‌وا كوتله‌ى عه‌ره‌بى و توركمانى به‌شدارى تێدا ناكه‌ن و پێناچێت بریارى گرنگ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌شدا بدرێت.
ئازاد جه‌بارى ئه‌ندامى كوتله‌ى یه‌كێتى له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، ره‌تیكرده‌وه كۆبونه‌وه له هه‌ولێر سه‌ربگرێت، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى وت"ره‌نگه نوێنه‌رێكى ئێمه بڕواته هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى پارتى و لایه‌نه‌كانى تردا هه‌ندێك ده‌مه‌ته‌قه بكه‌ن."
ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له 41 كورسى پێكهاتووه، لیستى برایه‌تى كوردى خاوه‌نى 26 كورسى، لیستى توركمانى خاوه‌نى 9 كورسى و كوتله‌ى عه‌ره‌بیش 6 كورسى هه‌یه.