Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆنفرانسی وارشۆ و ئێران لەپاش 40 ساڵ


بەر لە کۆتایی هێنان بە ڕژێمی شاهەنشاهی ئێران لە ساڵی 1979دا، ڕێبەرانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران سەدان پەیمانی جۆراوجۆریان دەدا بە گەلانی ئێران.

لەو پەیمانانەی دەدران پاراستنی دیموکراسی و پارێزراویی مافی کەمایەتییەکان و یەکسانی و دادوەریی کۆمەڵایەتی و زۆری تریش.

ڕێبەرانی ئێستا و ئۆپزسیۆنی ئەوسای ئێران بەردەوام ئەو لێدوانانەیان دەدا کە خەڵک پێیان خۆشبوو بیبیستن، وەلێ کە گەیشتنە دەسەڵات و جومگەکانی دەسەڵاتیان لە ئێراندا کۆنترۆڵکرد هەموو شتێکیان پیچەوانە بووەوە. لەو ساڵەوە درێژەدرا بە هەموو سیاسەتە سەرکوتکارەکانی شای ئێران، ساڵ بە ساڵ تۆمارەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا ڕووەو خراپتر دەڕۆیشتن و تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی ئێران لە بەشی یەکەمی ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەدا بێت بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

لەم چل ساڵەی ڕابردوودا لە زیندانە بەد ناوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەزاران جودابیر و نەیاری ڕژێمی ئێرانی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە، ئەمە بێ لە ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی گیراوەکان، یان هێشتنەوەیان لە گرتووخانەکاندا بەبێ بڕیاری دادگا. لەم چل ساڵەی ڕابردوودا دەنگی ئازاد کپ کراون، سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار داخراون، ڕێژەکانی بێکاریی لە دابەزینێکی بەردەوامدایە، ئاستی هەژاری لەو وڵاتەدا هەروادێ و زیاد دەکات.

میوانی بەرنامە:

عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.

چل ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران تەواوی تواناییەکانی خۆی خستۆتە خزمەت تۆکمەکردنی هەوڵە شەڕانگێزیی و ئاژاوەگێڕییەکانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانیشدا.

دەزگا موخابەراتییەکانی ئێران بەردەوام لە وڵاتانی ئەوروپا و شوێنەکانی تریشدا نەیارانی ڕژێمی ئێرانیان کوشتووە.

لەگەڵ ئەو هەموو بەدکاریانەیدا، کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامەیەکی تایبەتی ناوکی دروستکرد بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەستیکرد بە دانوستاندن لەگەڵ تاراندا بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو بەرنامە ناوکییە و ڕێگەدان بە پشکنەرانی نێونەتەوەیی تا لە هەر کاتێکدا ویسترا ئەوا بتوانن سەردانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکەن و ڕاپۆرتی خۆیان بنوسن.

لە ساڵی 2015 دا ئێران ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا مۆرکرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سزا نێونەتەوەییەکانی سەپێندرابوونە سەر ئێران، هەڵگیران و لە بەرامبەریشدا تاران دەستبەرداری بەرنامە ناوکییەکەی دەبێت. بەڵام بە بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا دانۆڵد ترامپ، لە مانگی پێنجی ساڵی 2018دا ئەمریکا تاک لایەنە لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و سزای نوێ و قورسیشی بەسەر ئێراندا سەپاند.

واشنتۆن دەڵێت دەبێت ئێران بێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت و یەکێکیش لە مەرجەکان ئەوەیە کە ئێران ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.

زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی لە کەنداوی فارس و بە تایبەت تریش ئیسرائیل نیگەرانییەکی زۆری ئاسایشییان هەیە بەرامبەر جموجۆڵەکانی ئێران.

ئێران لە ئێستادا بە وڵاتی پێشەنگ دادەنرێت بۆ پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم. تاران هەموو جۆرە پشتیوانییەکی لۆژیکی و دارایی بۆ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە دابین دەکات.

لەگەڵ تێپەڕبوونی چل ساڵ بەسەر تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، کۆنفرانسیکی تایبەت لە وارشۆ دەکرێت لەسەر ڕەوشی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، ئەم کۆنفرانسە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات بە مەبەستی توندتر کردنی فشارەکانە لەسەر ئێران.

ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکیشدایە ئەمریکا بڕیاری داوە لە سوریا بکشێتەوە و بە یەکەم هەنگاویش دادەنرێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نوێ بەرامبەر بە ئێران.

ئایا پاش چل ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، تاران دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی؟

ئایا خەڵکی ئێران پێویستیان بە شۆڕشێکی تر هەیە؟ کام شۆڕشە؟

ئایا کۆنفرانسی وارشۆ دەتوانێت وڵاتانی سوننەی عەرەب و ئیسرائیل لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆبکاتەوە؟

عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:30 0:00

XS
SM
MD
LG