Accessibility links

هێرشەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دووا مۆڵگەی داعش لە سوریا دەستپێدەکەن


هێزە کوردیەکانی سوریا کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات ڕۆژی شەممە دەستپێکردنی دووا هێرشی خۆیان بۆ شکستپێدانی داعش لە دووا مۆڵگەیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.

گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات مستەفا بالی لە تویتێکدا ڕایگەیاند هێرشەکە ڕۆژی شەممە دەستیپێکرد پاش ئەوەی زیاتر لە 20 هەزار کەسی سڤیل لەو ناوچەیەی پارێزگای دێرئەلزور دەرکراون. بەیاننامەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژە بەوەش دەکات هێرشەکە تیشک دەخاتە سەر گوندی باغۆز.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا داعشیان لە بەشێکی زۆری ناوچەکە دەرکردووە و ئێستا بە ڕێژەیکی زۆر کەم لە نزیک سنوری عێراقدا ماون.

ژمارەیەک لە شەڕکەرانی داعش ئێستا لە ناوچەیەکی بچووکی نێوان دوو گونددا گەمارۆ دراون کە کەمترە لە سەدا یەکی ئەو خەلافەتەی کە لە بەشێکی عێراق و سوریا ڕایانگەیاند. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا هەزاران خەڵکی سڤیل لە ناویاندا کەسوکاری چەکدارانی داعشیش لەو ناوچانە دەرچوون کە توندڕەوەکانی تیایە.

مستەفا بالی دەشڵێت " شەڕە سەرەکییەکە ئەمشەو دەستیپێکرد بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعش."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە پێشبینی ئەوەی کرد کە داعش هەتا هەفتەی داهاتوو هەمو ناوچەکان لەدەستدەدەن. ترامپ بە نوێنەرانی هاوپەیمانی وڵاتانی دژ بە داعشی گوت " لە ماوەیەکی نزیکدا ڕەنگە هەتا هەفتەی داهاتوو بتوانین بڵێین لە سەدا سەدی خەلافەتەکەمان کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە."

کاربەدەستانی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابوردوودا ڕایانگەیاند داعش لە سەدا 99 ی ناوچەکانی ژێر دەستی لەدەستداوە و ئێستا تەنها کەمتر لە 5 کیلۆمەتر دووجای لە سوریادا لەدەستدایە.

XS
SM
MD
LG