Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئەگەرەکانی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی


پێدەچێت هەردوو لایەنی فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستانی عێراق نزیک بووبنەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک وەک دەگوترێت لەوانەیە ببێتە نەخشە ڕێگایەک بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێمەکەدا.

وێڕای ناکۆکییە لە مێژینە و قوڵەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڵام ئاماژە بە پێویستی بۆ ئاوەها ڕێککەوتنێک دەکەن تا پێگەیان لە هەرێمدا تۆکمەبێت. خاڵە سەرەکییەکانی ئەو ڕێککەوتنە یان وەک هەندێک لە شیکەرەوە بە لێکتێگەیشتنێکی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی ناودێری دەکەن بریتین لە فەرمانڕەوایەتیکردن و بڕیارە سیاسییەکانی هەرێم و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی نێوەندی عێراق و هەروەهاش پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەتیش ئێران و تورکیا.

زانیاریەکانی لە میدیاکانی هەرێمدا بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە نوێیە گەیشتە ئەنجام ئەوا بۆ ماوەی تەنها چوار ساڵ دەبێت، واتە تا هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم، هەروەهاش جێی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان دەگرێتەوە.پێشتر زۆرێک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی باسیان لەوە دەکرد، ئەو ڕێککەوتنە ستراتیژیەی نێوانیان پێویستە پێداچوونەوەی پیادا بکرێت و نۆژەن بکرێتەوە تا لەگەڵ هەلومەرجە نوێیەکاندا بگونجێت.

میوانی بەرنامە:
عەزیز ڕەئوف، نوسەر و لێکۆڵەر

ڕێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی لە دیدی زۆرێک لە چاودێر و شیکەرەوەدا لەسەر بنچینەی دابەشکردنی دەسەڵات و داهات بووە و هەروەهاش لەسەر بنچینە و بنەماکانیچاوپۆشین بووە لە کەموکوڕییەکانی یەکتر وەک گەندەڵی بەڕێوەبردن و سیاسی و دارایی.

ئەگەرچی هێشتا بە تەواوەتی هێڵ و وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنە ئاشکرا نییە بەڵام هەر لە ئێستاوە ئاماژە بەوە دەکرێت، ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە هەرچییەک بێت و هەر چۆنێکیش بێت، ژینگەیەکی نوێی سیاسی لە هەرێمدا ناهێنێتە ئاراوە و تەنها درێژکردنەوەی ڕەوشی ساڵانی پێشترە لە بەرگێکی جیاوازدا.

ژمارەیەکی بەرچاو کەلێنی گەورە هەیە لە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیدا و تایبەتمەندێتی ئەم دوو هێزەش لەوەدایە هیچ کاتێک ڕژد نەبوون لەسەر ئەوەی لایەکیان ببێتە ئۆپزسیۆن، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدان کە تێگەیشتنی هەرە سەرەکیی نێوان ئەم دوو زلهێزە ئەوەیە نە دەتوانن لەسەر بنچینەی متمانە بە یەککردن پێکەوە بژین و کار لەسەر فراوانکردنی زەمینەی هاوبەشی نێوانیان بکەن لە کاتێکدا دەشزانن کە هەر دەشبێت پێکەوە بن.

هەرچۆنێک بێت ڕای جیاواز لەسەر ئەم جۆرە نزیکبوونەوە زیاترەی پارتی یەکێتی هەیە لە هەرێمی کوردستان. هەندێک وەهای دادەنێن هەوڵێکی تری ئەم دوو زلهێزەی هەرێمەکەیە بۆ ڕێگەگرتن لە گەشەکردنی ئۆپزسیۆن و سنوردارکردنی پرەنسیپە دیموکراسییەکان. هاوکات هەندێکیش هەن لەوبڕوایەدان هەنگاوێکی گونجاوە بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێمدا. بەڵام هەردوو بەرەی کۆک و ناکۆک تەبان لەسەر ئەوەی نابێت ئاوەها ڕێککەوتنێک ببێتە مایەی خوێن لەبەر چۆڕانی دەرفەتەکان بۆ لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمی کوردستانی عێراق.

ئایا ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەبێتە مایەی چارەسەری کێشەکانی هەرێم؟

ئایا پارتی و یەکێتی ڕەوشی کەرکوک و ناوچە دابڕێنداروەکان بەرەو کوێ دەبەن؟

ئایا لایەنەکانی تری هەرێمی کوردستان چ جۆرە بەشدارییەکیان دەبێت لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا؟

عەزیز ڕەئوف، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:54 0:00

XS
SM
MD
LG