Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شیلادزێ


شیلادزێ
شیلادزێ

خۆپیشاندەرانی کورد و بەتایبەتیش لە پارێزگای دهۆک هێرشیان کردە سەر یەکێک لەو بنکە لەشکریانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دانراون.

ئەمەش یەکەمین جارە هێرشێکی لەو شێوەیە بکرێتەسەر بنکەیەکی لەشکری تورکیا لەناو هەرێمدا لەوەتای ئەو بنکانە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە هەرێم دانراون.

لە ناوچەی شیلادزێ سەدان کەس هێرشیان کردە سەر بنکە لەشکرییەکەی تورکیا و سەربازە تورکەکان تەقە لە هاوڵاتیان کورد دەکەن و سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە کوژرانی دوو کەس کردووە لەگەڵ برینداربوونی نزیکەی دە خۆپیشاندەری تر.

بەڵام سەربازەکانی تورکیا ناچاردەبن بنکەکە جێبهێڵن و هەرچی کەرەستە و کەلوپەل و ئامێری لەشکریش هەیە لەناو بنکە سەربازیەکەدا جێی دەهێڵن و دەکەونە دەست خەڵک و زۆربەشیان دەسوتێنرێن.

حکومەتی عێراق ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر تەقەکردنی سەربازەکانی تورکیا لە خۆپیشاندەران. وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا دەکات تا بە فەرمی ئیدانەکردنی ئەو تەقەکردنانە بداتە دەست تورکەکان.

هێرشی خۆپیشاندەران دوابەدوای ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی لەشکری تورکیا بوو لەو ناوچانەدا وەک ئانکەرە دەڵێت پارتی کرێکارانی کوردستانی لێن، بەڵام لەو هێرشە ئاسمانیانەدا ژمارەیەک خەڵکی سیڤیل لە ناوچەکەدا دەکوژرێن و برینداردەبن و هەروەها زیانێکی زۆری ماڵیش هەبووە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا سەبارەت بەو ڕووداوە دەڵێت " نیگه‌رانى و دڵگرانیمان بۆ كه‌وتنه‌وه‌ى زیانى گیانى و بریندار له‌ ڕووداوه‌كانى ئه‌مڕۆى ناوچه‌ى شێلادزێ ده‌رده‌بڕین و وێڕاى سه‌ره‌خۆشى، هاوسۆزى له‌گه‌ڵ كه‌سوكار و خانه‌واده‌ى قوربانیان ده‌رده‌بڕین. ده‌ستى گێره‌شێوێن له‌ پشت ئه‌و ڕووداوانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان به‌ وردى لێكۆڵینه‌وه‌ى لێده‌كه‌ن و هۆكارانى پشێوى و گێره‌شێوێنان سزا ده‌ده‌رێن."

دەسەڵاتداران لە پارێزگای دهۆک ژمارەیەکی زۆری چالاکوانانیان دەستگیر کردووە لەسەر ئەو ڕووداوە و بەپێی زانیارییەکان تا کاتی ئەم بەرنامەیەش بەلانیکەم 20 چالاکوان هێشتا هەر لە زینداندان.

خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوە کردووە لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەرێم هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە بۆ پاراستنی ژیان و ماڵی هاوڵاتیان و هەروەهاش بۆ ڕێگەگرتن لەو پێشێلکاریانەی تورکیا دەیکات، هەر بۆیە خۆیان لەسەر مافی پاراستنی خۆیان هاتوونەتە دەنگ.

ئەو جۆرە پێشێلکاریانە هەر تەنها تورکیا نییە، بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەیانکات.

ئایا ڕووداوەکانی شیلادزێ هەر تەنها ڕەهەندی بەرەنگاربوونەوەی تورکیای هەیە؟

بۆچی ‌هێرش نەکرایە سەر بنکە لەشکرییەکانی تری تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا؟

چۆن دەکرێت ڕێگە لە پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران بگیرێت؟

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:49 0:00

XS
SM
MD
LG