Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: سەڵاح حەسەن پاڵەوان


ڕەخنە بەشێکی سەرەکیی و دانەبڕاوە لە ئەدەب، بەڵام لە هەمان دەمیشدا کەمی ڕەخنە بە گرفتێکی سەرەکی لێی دەڕوانرێت و وەک دەگوترێت ئەدەب و هونەریشی بردووە بەرەو قەیران.

قەیرانەکە قوڵە و ڕۆچۆتە ناو بواری ڕۆشبیری و فەرهەنگیشەوە، بە ئەندازەیەک کاریگەرییشی کردۆتە سەر دیالۆگی گونجاوی نێوان نوسەران و خوێنەرانیان و هەروەهاش لێکدانەوەی بابەتیانەی تێکستەکان.

لە سەروەختی پاش ڕاپەڕینەوە دەرفەتێکی گەورە کرایەوە بۆ چاپکردنی بەرهەمەکان و بڵاوبوونەوەیان بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو، لەگەڵ چاپکردنی ئەو هەموو بەرهەمە شیعری و چیرۆک و ڕۆمان و ... هتد، ڕەخنە نەیتوانی هەنگاوی خۆی بنێت تا شیکارییەکی ورد بخاتە بەردەم خوێنەرانی ئەو هەموو کتێبە چاپکراوانە.

ئەمە بەو مانایە نییە کە بگوترێت هەر بە هیچ شێوەیەک ڕەخنەمان نییە یان نەبووە، چونکە ژمارەیەک ڕەخنەگر یان لێکۆڵەرمان هەن کە ئەرکی ڕەخنەیان لە ئەستۆ گرتووە و لێکۆڵینەوەی ورد و بابەتیانە لەسەر بنچینەی هزر و خوێندنەوەکانی خۆیان دەخەنە بەردەم خوێنەران.

نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە هەر خودی نوسەران خۆیان دەڵێن "مەخابن زۆرێک لەو شیکردنەوانەی لەسەر دەقەکانیان دەنوسرێن زیاتر لە کارێکی ڕۆژنامەوانی دەچن نەک ڕەخنەیەک لەسەر بنچینەی خوێندنەوەیەکی ورد بووبێت."

بەشیکی تری نوسەرانیش ڕەخنە پۆلێن دەکەن بەسەر دوو بەشدا، بەشێکی لە ستایشکردن زیاتر هیچ شتێکی تر نییە و بەشەکەی تریش ڕەتکردنەوەیەکی کتومتی تێکست یان خودی نوسەرەکەیە و دەشڵێن ئەڵبەت پەیوەندییەکانی نوسەر بە ڕەخنەگرەوە ڕۆڵی خۆی هەیە لە ستایشکردن یان لە ڕەتکردنەوەدا.

دەشێت بەشێکی ئەم دیاردەیە بگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی نێوەندە ئاکادیمیایی و نێوەندە فەرهەنگییەکان کە لەگەڵ بایەخدان بە تێکستەکاندا، گرنگییەکی ئەوتۆیان نەداوە بە ڕەخنە و دەکرێت بگوترێت خۆیان لە قەرەی ڕەخنە نەداوە.

هێشتاش وەڵامی ئەو پرسیارانە بە تەواوەتی نەدراونەتەوە کە بۆچی رخنەگرمان نین و ئەگەریش هەمانبێت بۆ هێندە کەمن، لە کاتێکدا ڕەخنە دەتوانێت پێگەی ئەدەب و فەرهەنگی ئێمە لە ناوچەکە و لە جیهانیشدا دەستنیشان بکات، وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەکییەشمان بداتەوە کە سەبارەت بە ئایندەی ئەدەب و ڕۆشنگەرایی کۆمەڵگەی کوردییە.

بەهۆی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و بەهۆی پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە لەمڕۆدا ژمارەیەکی بێ شوماری نوسینەوە دەبینین و بە ناوی شیعرەوە بڵاو دەکرێنەوە، بۆ بابەتە فەرهەنگییەکانی تریش هەر ئاوەها، خۆ ئەگەر ڕەخنە هەبووایە بە هەموو کاریگەرییەکانی خۆیەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو بێسەروبەرییەمان نە لە شیعر و نە لە تێکستە ئەدەبییەکانی تریشدا بەدی دەکرد.

سەڵاح حەسەن پاڵەوان، یەکێکە لەو نوسەرە کەمانەی لەگەڵ وەرگێڕانی تێکستەکاندا بایەخێکی بەرچاویشی داوە بە ڕەخنە و بە لێکدانەوەی تێکستەکان و خاوەنی چەندان وەرگێڕانە لەو کتێبە پڕ بەها و زانیاریانەی دەشێت بکرێنە بنەما بۆ ڕەخنەی بابەتیانە، ئەڵبەت بێ لە نوسینەکانی خۆیشی.

بۆچی هاوتەریب لەگەڵ تێکستە ئەدەبیەکاندا ڕەخنە وەک پێویست گەشەی نەکردووە؟

ئایا ڕەخنە چۆن دەبێتە ڕەخنەیەکی مەعریفی؟

ئایا دەستەواژەی "قەیران لە ئەدەبدا" پەیوەندی بە ڕەخنەوە هەیە؟

ئایا بایەخدان بە ڕەخنە پەیوەندی هەیە بە کراوەیی یان داخراوەیی سیستەمی فەرمانڕەوایەتییەوە؟

سەڵاح حەسەن پاڵەوان، نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:17 0:00

XS
SM
MD
LG