دادگایەکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە بێژەرێکی ئێرانی بە ڕەچەڵەک ئەمەریکایی کە بۆ تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران کار دەکات لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیگیر کراوە بۆ گەواهیدان لە یەکێک لەو دۆسێیانەی کە لە دادگایەکی ئەمەریکادا هەیە بەڵام بە هیچ تاوانێک گوناحبار نەکراوە.
کاربەدەستانی دادگا دەڵێن چاوەڕوان دەکەن مەرزیە هاشمی دەستبەجێ ئازاد بکرێت پاش گەواهیدانی لەبەردەم دەستەی سوێندخۆران لە واشنتۆن.
کاربەدەستان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەو دۆسێی تاوانکارییە نەداوە کە نێوی هاشمی وەکو گەواه تیادا هاتووە.
ئێران ناڕەزایی لەسەر دەستگیرکردن هاشمی تەمەن 59 ساڵان دەربڕیوە کە لە ئەمەریکا لە دایک بووە و هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی ئێرانی کردووە و بووە بە ئیسلام. هاشمی بێژەری کەناڵی تەلەفیزیۆنی پرێسی بەشی ئینگلیزی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێرانە.
هاشمی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابوردوو لە فڕۆکەخانەی سان لویس دەستگیر کرا.
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ناسراو بە CPJ ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی دەرکرد کە تیایدا نیگەرانی لەمەڕ دەستگیرکردنی هاشمی دەربڕی. ئەو گروپەی بنکە لە نیو یۆرک داوای لە وەزارەتی داد کرد هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەش کرد ئێران بە بەردوامی ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکات.
شایانی باسە یاسای ئەمەریکا ڕیگە دەدات بە دادوەرەکان ئەو گەواهدەرانە دەستگیر بکەن کە بۆی هەیە لە کاتی گەواهیدانی دۆسێکە ئامادە نەبن.