Accessibility links

دکتۆر گونول توڵ: کارێکی ژیرانە نابێت بۆ تورکیا ئەگەر هێرش بکاتە سەر هێزە کوردییەکان لە سوریادا


دکتۆر گونول توڵ
دکتۆر گونول توڵ

لەوەتای سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی داوە لە سوریادا و ئەو کاردانەوانەی ئەو بڕیارەش بە دوای خۆیدا هێناوە کاربەدەستانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە لەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ لە سوریا ناکشێتەوە تا ئەو کاتەی تورکیا وابەستەیی تۆکمەی خۆی دەخاتە بەردەست سەبارەت بەوەی کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناکاتە ئامانج.

جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردبوو تا ئەوکاتەی داعش لەناو نەچێت و بە تەواوەتیش دڵنیانەبن لەوەی هاوپەیمانە کوردەکانیان لە سوریا پارێزراون، ئەوا لە سوریا ناکشێنەوە.

ئەگەرچی باسدەکرێت کە تورکیا ئەو پەیمانەی داوە و لە پاش کشانەوەی ئەمریکا کوردەکان ناکاتە ئامانج، بەڵام وەک زۆرێک لە چاودێر دەڵێن بە گومانن لەوەی تورکیا وابەستەی پەیمانێکی لەوجۆرە بێت.

دکتۆر گونول توڵ، سەرۆکی بەشی تورکیا لە ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنکە لە واشنتۆن دەڵێت تورکیا ناتوانێت هیچ پەیمانێک بدات سەبارەت بە پاراستنی کورد لە سوریادا چونکە تورکیا بۆ دژایەتیکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شاری عەفرینی داگیرکردووە و دەشڵێت بە پلەی یەکەم ئەرکە سەرەکییەکەی تورکیا لە سوریادا نەهێشتنی کاریگەرییەکانی کوردە لە سوریادا، جا کە ئەمە تورکیا بێت، ئەوا یانی ئانکەرە ناخوازێت ببێتە بەشێک لە ڕێبازی پاراستنی کورد لە سوریادا.

دکتۆر توڵ سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا دەڵێت "ئەوەی لە ئێستادا سەرۆک ترامپ بەلایەوە گرنگە سیاسەتە ناوخۆییەکانە، لە ڕوانگەی ئەو فشارانەی لەسەرین وەک لێکۆڵینەوەکانی مولەر و هەموو ئەو کێشە یاساییانەی دانۆڵد ترامپ هەیەتی، هەر بۆیە دەخوازێت شتێک بە لایەنگرانی بدات و بێگومان ئەو شتانەش ئەوانە دەبن کە لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا پەیمانی لەسەر دابوون، وەک کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا."

دکتۆر گونول توڵ دەڵێت ئەگەر ئەمریکا بە تەواوەتی لە سوریا بکشێتەوە ئەوا یانی بنکۆڵکردنی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەیی واشنتۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەشڵێت هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت ئەوە ستراتیژیەتێکی ژیرانە نییە بۆ ئەمریکا تورکیا بکاتە هاوبەش و ئەرکەکانی شەڕی داعش لە ئەستۆ بگرێت.

سەرۆکی بەشی تورکیا لە ئەنستیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت " ئەگەر سەرۆک ترامپ یان ئەمریکا بە گشتی وەها چاوەڕوان بکەن تورکیا بەرەنگاری کاریگەرییەکانی ئێران ببێتەوە لە ناوچەکەدا، ئەوا ئەمەشیان ستراتیژیەتێکی گونجاو نییە چونکە تورکیا پشتی بە ئێران بەستووە."

دکتۆر گونول توڵ دەڵێت پێویست ناکات کورد لە سوریادا هەموو هێلکەکانی خۆی بخاتە ناو سەبەتەی ئەمریکاوە، چونکە ڕۆژێک دێت ئەمریکا بە تەواوتی بکشێتەوە و کوردیش بە تەنیا بمێنێتەوە، دەشڵێت "پێویستە کورد تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆی فراوان بکات بە شێوەیەک زلهێزەکانی ناوچەکە و نێونەتەوەییش وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتەکانی خۆیان سەیری بکەن."

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر گونول توڵ، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:28 0:00

XS
SM
MD
LG