Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا : ژاوێن شاڵی


دەقە ئەدەبییەکان هەوڵێکن تا بە ڕاستیمان بگەیەنن و ئەڵبەتەش گەیشتن بەو ڕاستییە پێویستی بەوەیە بەڕێی گوماندا بڕۆیت و تەواو ئاشنای گومانەکان بیت.

گومانکردن لە خود، لە دەوروبەر، لە دابڕان و پێکگەیشتن، لە پەیوەندی نێوان تاریکایی و ڕوناکایی، لە ساتەوەختەکانی هەڵچوون و داچوون، دۆستایەتیی ژیان و مەرگ، لە نێوان هزر و بیرکردنەوەدا، بە گشتی هەر گومانێک لە خودی ژیان هەتبێت پێویستی بە جۆرێک لە جۆرەکانی سەرکێشییە بۆ تێگەیشتن لێی و ئەم سەرکێشییەش دەچێتە خانەی یاخیبوونەوە لە ئەدەبدا. یاخیبوون لەو بارە باوانەی دەمێکە ڕزیون، لەو ڕەنگانەی بە زەبر خۆیان داکوتاوە و لەو دنیایەی ناتوانێت دان بەوەدا بنێت کە نە ئەمڕۆ دوێنێیە و نە سبەینێش ئەمڕۆیە.

سیزیفێک تەرمی ئایندەی داوە بەکۆڵیا و
چاوەڕوانی پەرجوویەکە بۆئەوەی نەمر بێت...
بەڵام ژیان بزمارێکی تیژە لەژێر زمانی ئەو رۆژانەی
کە دەبێت بێدەنگ بیت
بۆیە هەندێکجار دەبێت وەک مناڵێکی عەجول
بەرد بگریتە ماڵی خودا و
دەست و پەنجەت لەگەڵ ئاگر نەرم بکەیت،
بە وێنەی میهرەبانیی دۆلفینێک بۆ ژیان پێبکەنیت و
بەلاتەوە سەیر نەبێت
رووبار شمشێرێکی نێرینە بێت و
بە تاوانی شەرەفەوە
سەرت ببڕێت....

نوسەر لە هوشیاری و ئاگاهی خۆیەوە پرسیار لەسەر گومانەکان دەخاتە ڕوو، یانیش لە هەندێک باردا دەکرێت بڵێم گومانکردن لە خودی گومان دەبێتە پرسیار و دەمانخاتە سەر شاڕێگەکەی دەمانبات بەرەو دۆزینەوەی ئەو ڕاستییەی دەیخوازین، لێرەشدا ئەو گومانە دێتە ئاراوە ئایا ڕاستی دەدۆزینەوە یان نا؟!

ئەچمە بەردەم ئاوێنەکە و

شەنگییەکی نەبینراو ئەبینم،

ئەو وێنەیەی وا لەناویا ئەدرەوشێتەوە

منم

یان تۆ؟؟؟

کە شیعری "ژاوێن شاڵی" دەخوێنمەوە دەستبەجێ ئەو هەستەم لەلا دروست دەبێت کە دەخوازێت کۆمەڵێک ئەرکی تر بە دەق بدات نەک هەر ئەوەی خەون و ئازارە بە سوێکانی ڕۆحی خۆی لە وێنە شیعرییەکاندا جێ بکاتەوە، ئەم دێت و هەموو جوانی و ناشرینییەکانی ژیان دەکاتە کەرەستەکانی پێکهێنانی شیعر و وەک یەک یەک سەیریان دەکات و ئەزموونیان دەکات، بە شێوەیەک نە جوانییەکان دەتوانن ناشرینیەکانی لەلا بسڕنەوە و نە ناشرینیەکانیش دەتوانن جوانییەکانی لێ تاڵ بکەن.

له‌كوێی ئه‌و رۆژانه‌دایت

تۆ

كه‌ ئێمه‌ ئه‌بوایه‌ له‌وێباین؟؟؟

شه‌فه‌نده‌فه‌رێكیت تۆ

وێستگه‌ ونی كردویت و

حه‌وایه‌ك من له‌ژێر لێوم

شیرینی هه‌زار سێوم بۆت

هه‌ڵگرتووه‌

له‌رێگه‌یه‌كدا كه‌ وه‌ك نامه‌یه‌كی

فه‌رامۆشكراو

جێم ئه‌هێڵیت

نیشتیمان.....

دەتوانم بڵێم لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا بۆ شیعری ژاوێن، زیاتر قاڵ دەبیتەوە لەو جۆرە ڕوانینانەی هەیەتی بۆ ژیان و بۆ شتە ناکۆکەکانی ناو ژیان، بۆ دەوروبەر و بۆ ڕایەڵەکانی پەیوەندیی نێوان هیوا و خەم، حەسرەت و هەناسە، تاریکی و ڕوناکی، ترس و بێدەنگی، هەست و نەست و هتد.

له‌باوه‌شتا ئه‌مڕۆ،

ئه‌وه‌نده‌ به‌كوڵ گریام

خوڕ خوڕ باران باری.

ژاوێن، لە دیالۆگێکی بەردەوامدایە لەگەڵ ژیان و هەورازەکانی ژیاندا و ئێمەش کە دەیانخوێنینەوە ناتوانین نەگەڕێین بە شوێن وەڵامەکانی ئەو پرسیارە ڕژدانەی لە خوێندنەوەی ئەو تێکستانەدا دروست دەبن.

قۆڵم له‌ قۆڵی ئاسمان گیركردووه‌ و

له‌وم له‌ گه‌مه‌ی ئاگردا

خه‌ون پڕه‌ له‌ جێهێشتن،

شیعریش بینینه‌وه‌ی لاشه‌ی

ئاشنایه‌كه‌

له‌سه‌ردێڕی دڵته‌زێنی هه‌واڵێكدا،

بێبه‌رییم له‌ زه‌وی

ماندوو له‌ جه‌نگ

لە بەرنامەیەکی پێشتردا لەگەڵ ژاوێندا، باسمان لە گومانکردن کرد لە شیعرەکانیدا و هەروەهاش باسمان لە گەڕانێکی خودی شاعیر کرد بەشوێن شتێکی لێی ونبووە، ئێستاش دەتوانم بڵێم پاش ئەم هەموو ساڵە هێشتاش گومان لای ژاوێن نەچۆتە ئەو قۆناغەی بگوترێت بەرەو ڕەواندنەوە دەیبات، یان هێشتاش ئەم شاعیرەمان درێژە بە گەڕانەکانی خۆی دەدات بە دوای ونبووەکاندا و دەشێت خۆی لە هەموومان باشتر بزانێت ئەو گەڕانانە بێهودەیە، بەڵام چێژی شیعری لێ بەرهەم دەهێنێت.

گومانەکان لای ژاوێن شاڵی، پەلدەهاون بۆ هەموو چەمکەکان و ئەم پان و بەرینی گومانانەش لە پێناو گەیشتنە بە یەقیندا.

دەمێکە خوێنەری شیعرەکانی ژاوێنم، هەر بۆیە پێناچێت بەرهەم و دەقەکانیژاوێن تەنها لە پێناو نوسیندا بن، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ نوسینەوەی خود. ژاوێن ئازادانە و ئازایانە دەنوسێت و بە دەنگێکی بەرزیش لە گەڵ ژیاندا ئاخاوتنی خۆی دەکات.

ده‌چمه‌وه‌ ماڵی مردن و

بیرم ده‌چێته‌وه‌ رۆژێك ئێوه‌م خۆشویستووه‌،

هه‌ستی جۆراوجۆرم

به‌رامبه‌ر مرۆڤه‌ سه‌مه‌ره‌كانتان هه‌بووه‌

هاوه‌ڵی شادی و غه‌متان بووم

هاتوومه‌ته‌ سه‌ر خوانه‌كانتان و

له‌ كافێكانا قاوه‌م له‌گه‌ڵ

خواردوونه‌ته‌وه

‌له‌پیاسه‌ی به‌ددی ئێوارانتانا

گه‌ڕاوم و هاوكێشه‌ی ته‌مگرتووی

رۆژگارتانم شیكار كردووه‌،

ساویلكانه‌ هه‌ردوو ده‌ستی

به‌رزكراوه‌ی دوعاكانتانم

به‌ كێلی سه‌ر قه‌بری شه‌هیدێكی

وڵاته‌كه‌م

چواندووه.‌

ئایا لە دوای ڕاپەڕین شیعر توانیویەتی دەربڕینێکی ڕاستەقینە بێت لە باری دەروونیی شاعیر؟

ئایا "ژاوێن شاڵی" شاعیر دەخوازێت دنیابینیەکانی خۆی لە فۆرمی شیعرێکدا بنوسێتەوە یان ئەرکێکی زیاتری پێدەبەخشێت؟

ژن بوون لە شیعردا چییە؟ چ ڕەهەندێکی زیاتر بە شاعیر دەبەخشێت؟

"ژاوێن شاڵی" شاعیر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:10 0:00

XS
SM
MD
LG