Accessibility links

رێبوار کەریم وەلی : ئەم دابەشبوونە سیاسییەی لایەنەکان پەیوەندی بە هاوکێشە سیاسیەکانی ناو پارتییەوە هەیە


ڕێبوار کەریم وەلی
ڕێبوار کەریم وەلی

دیمەنە سیاسییەکانی ئەو لایەنانەی کە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک دەهێنن

جیاوازە لە چاو ساڵانی رابردوو، ئێستا ململانێی باڵەکانی لایەنەکانیش ئەو پۆستە کاریگەرانەی نێو حکومەتەکە یەکلایی دەکاتەوە. تەنانەت لە نێو پارتی دیموکراتیش شەڕێکی شاراوەی نێو باڵە دەست رۆیشتووەکانی نێو ئەو حیزبە روونە، بە تایبەتی لە هێنانی مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکومەت و دیاری کردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کە هێشتا ئەو پۆستە لە رووی یاساییەوە یەکلایی نەکراوەتەوە.

لەو بارەیەوە نوسەرو شیکەرەوەی سیاسی رێبوار کەریم وەلی لای وایە پارتی لە راگەیاندنی ئەو دوو پۆستە پێکەوە پەلەی کردووە، سەبارەت بە بەش بەشێنەی لایەنەکانیش دەڵێت "ئەم دابەش بوونە پەیوەندی بە هاوکێشە سیاسیەکانی نێو پارتیشەوە هەیە، رەنگە نێچیرڤان بارزانی کە دەست بەرداری پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت بووە لە پێناو ئەوەدا بووە کە ببێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بۆی دەستەبەر نەبێت، ئەم ئاڵوگۆڕەش لەناو پارتیدا هەروا بە ئاسانی جێبەجێ نابێت. لە لایەکی تریشەوە ئەم دوو پۆستە بووەتە کارتێکی بەهێز بەدەست یەکێتی و گۆڕانیشەوە، لەهەمان کاتدا پارتیش دەیەوێ سەرەڕای ئەو دوو پۆستە، چەند پۆستێکی سیادی تری حکومەتەکەی بەدەستەوە بێت، بۆ ئەوەی بەدەردی کابینەکانی رابردوو نەچێت کە لە حکومەت کشانەوە، هەرچی ئەو دوو لایەمەشە دەخوازن زۆرترین دەسکەوت بەدەست بێنن، تاوەکو قایل بن بە دەنگدان بە سەرۆکی نوێی هەرێم. لە روویەکی تریشەوە یەکێتی لە ژێر ناوی شەراکەتدا داوای پەنجا بە پەنجا دەکات، بۆ گۆڕانیش نیشان دانی سەردەمێکی ترە"

وەک زۆرێک لە شیکەرەوان بە ڕیبواریشەوە ئەوە روونە کە تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتیدایە کە چەند بەردانەواندن بکا تاوەکو حکومەت پێک بهێنرێت لە بەرامبەردا شەڕی جوگرافیای دوو لایەنی سەرەکی یەکێتی و پارتی، وەک بۆمبیكە هەڕەشە لە یەک پارچەیی هەرێمەکە دەکات.رێبوار لەو بارەیەوە دەڵێت "کارتی جوگرافیاو پێگەی سیاسی، دوو ئیدارەیی لەم گفتوگۆیانە بەکاردێت کە ئەوەش واقعێکی بەرجەستە کراوەو زیاتریش بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی زیاتر بەکاردێت و کاریگەریشی دەبێت، هەرچی گۆڕانیشە مەجبوورە کە بچێتە حکومەتەوەو چیتر ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەوانیش دەیانەوێ پێگەیەکی باش بەدەست بێنن تاوەکو لە ئایندەدا وەڵامێکی نارەزایەتی ئەندامەکان وهەوادارانی خۆیان بدەنەوە، بۆ پارتیش بوونی گۆڕان گرنگە بۆ ئەوەی تەوازن بۆ پارێزگای سلێمانی بگەڕینێتەوە."

ئەم نوسەرەی پێشی وایە باشترین چارەسەر ئەوەیە کورد لە نێو خۆی خۆشیدا جۆرێک لە فیدراڵی لە نێو پارێزگاکاندا رەچاو بکات، بەو هیوایەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی و هەوڵدان بۆی لە دەستی حیزبەکاندا دەربهێنرێت.

لە وتوێژەکەدا ئەم نوسەرەی نزیک لە پارتی دیموکرات رەخنەی وەفدی دانوستانکەری پارتی دەکات و بە لاواز ناوی دەبات و دەڵێت "دەبوو پارتی وەفدێکی دانوستانکەری چالاک تری دابنایە، وەک لەوەی ئێستا کە بڕیار بەدەست نین و ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن."

ئەگەرو گریمانەکانی پێکهێنانی ئەو کابینەیە وەک چاودێران بۆی دەچن، وا دەردەکەوێت ئاڵۆز تر بێت لە چاو ئەوانەی رابردوو.

ئەگەر حکومەت وەک ئەوەی کە پارتی نەخشەی بۆ کێشاوە، دروست بێت. ئەوا هەندێ لە لایەنانی سیاسی و دەنگەکانیان لە نێو پەرلەمان لە پشت یاسای سەرۆکایەتی هەرێمەوە نابێت کە ئەوەش مسۆگەری ئەو پۆستە بۆ نێچیرڤان بارزانی دەخاتە جۆرێک لە ئەگەرو نەگەرەوە، رەنگە ئەوەش لە ناو پارتیدا وەکو حیزبێکی گەورە رێبوار وتەنی ئەگەری تر بێنێتە ئاراوە.

دەقی وتووێژ لەگەڵ ڕێبوار کەریم وەلی:

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:52 0:00

XS
SM
MD
LG