Accessibility links

ترامپ بەرگری لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە بەرگری کرد لە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی هەمو 2 هەزار سەربازەکەی ئەمەریکا لە سوریا و هێرشی کردە سەر ڕەخنەگرانی بڕیارەکەی.

لە زنجیرەیەک تویتدا ترامپ ڕایگەیاند " ئەگەر هەرکەسێک بێجگە لە دانۆڵد ترامپ ئەوەی بکردایە کە من کردوومە لە سوریا، کە کاتێک من بووم بە سەرۆک پڕبوو لە داعش، ئێستا دەبوو بە قارەمانی نیشتمانی."

ئەو گوتی گروپی تیرۆرستی داعش کە ڕەققەی باکوری سوریایان بە پایتەختی خەلافەتەیان دانابوو " زۆربەیان نەماون" لە سوریا و " ئێمە هێواش هێواش هێزەکانمان دەگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە تا لەگەڵ خێزانەکانیان بن، لە هەمانکاتیشدا شەڕی پاشماوەکانی داعش دەکەین."

لە 19 مانگی 12 ترامپ بە بڕیاری کشانەوەی لە سوریا ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتیمانی و یاسادانەرانی کۆماری و دیموکراتەکانی مت کرد.

ئەم تویتەی ترامپ پاش ئەوە دێت کە لیندسی گراهمی سیناتۆری کۆماری کە بە شێوەیەکی گشتی پشتیوانی سەرۆک ترامپە بەڵام لەم بابەتەدا ڕەخنە گرێکی سەرەکی بوو و ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ ترامپ کۆبۆوە و پاش کۆبونەوەکەی ڕایگەیاند ڕەنگە سەرۆک ترامپ پرۆسەی کشانەوەکە لەسەرخۆ بکات، بەڵام کۆشکی سپی لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەدا.

لە یەکێک لە تویتەکانی ڕۆژی دووشەممە سەرۆک ترامپ دەڵێت " من پەیمانم دا کە لە سوریاو شوێنەکانی تریش بکشێینەوە. ئێستا کاتێک دەمەوێت بکشێینەوە میدیای هەواڵی درۆینە، و هەندێک ژەنەڕاڵی شکستخواردوو کە نەیانتوانیوە کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن بەر لە هاتنی من، حەز دەکەن گازندە بکەن لەسەر من و تاکتیکەکانم کە بەباشی کار دەکە. من هەر ئەوە دەکەم کە گوتومە دەیکەم! چاوەڕوان دەکەم ئەنجامەکەی زۆر لەوە باشتربێت کە هیچ کات گوتبێتم. بیرتاندێت من هەڵمەتم کرد دژ بەو شەڕانەی کە هەرگیز کۆتاییان نایات."

XS
SM
MD
LG