Accessibility links

سەرکردە لەشکرییەکانی ئەمەریکا پێشنیاز دەکەن چەکەکانی ئەمەریکا لە یەپەگە نەسەندرێنەوە


چوار کاربەدەستی ئەمەریکایی ڕایانگەیاندووە سەرکردە لەشکرییە ئەمەریکاییەکانی کە پلانی کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا دادەنێن پێشنیازی ئەوەیان کردووە ئەو چەکە ئەمەریکاییانەی کە دراون بە شەڕڤانە کوردەکانی کە شەڕی دژ بە داعش دەکەن، لایان بمێنێتەوە. ئەم هەنگاوەش بۆی هەیە ببێتە مایەی توڕەکردنی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ.

سیان لەو کارەبەدەستانە بە مەرجێک زانیاریان داوە کە ناویان ئاشکرا نەکرێت، گوتوویانە ئەم پێشنیازە بەشێک بووە لە مشتومڕەکانی بەرنوسێ پلانێک لەلایەن لەشکری ئەمەریکاوە، بەڵام ڕوون نییە لە کۆتاییدا پەنتاگۆن چ پێشنیازێک بۆ کۆشکی سپی دەکات.

کاربەدەستەکان گوتوشیانە ئەم مشتومڕانە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانن و هێشتا هیچ بڕیارێک نەداوە. پلانەکە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەخرێتە بەردەم کۆشکی سپی و سەرۆک دانۆڵد ترامپ دووا بڕیار دەدات.

لە 19 ی مانگی 12 بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو سەرۆک ترامپ بڕیاری کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکای لە سوریا دا. ئەمەش ڕەخنەیەکی زۆری لێ کەوتەوەو بوو بەهۆی ئەوەی وەزیری بەرگری جیم ماتس دەستلەکار بکێشێتەوە.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ئەو ڕاگەیاندنە سەرکردە لەشکرییەکانی ئەمەریکای توڕە کردووە کە پێیان وایە بڕیارەکەی وەکو خیانەتکردنە لە شەڕڤانانی یەپەگە کە بەشێکی سەرەکین لە شەڕی دژ بە داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەنکەرە یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت و هەڕەشەی هێرش کردووە بۆ باکوری سوریا و ئەمەش مەترسی زیادکردنی توندوتیژییەکان و زیان گەیاندندن بە سەدان هەزار کەسی سڤیل دەهێنێتە ئاراوە.

کاربەدەستێکی ئەمەریکایی گوتویەتی ئەمەریکا بە یەپەگەی ڕاگەیاندووە هەتا ئەو کاتەی کە شەڕی دژ بە داعش بکەن لەلایەن ئەمەریکاوە پڕ چەک دەکرێن. و ئەو کاربەدەستە گوتوشیەتی " شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە ئێمە ناتوانین داوای چەکەکان بکەینەوە."

یەپەگەش داوای کردووە ئەمەریکا چەکەکان بەجێ بهێڵێت کە بریتین لە موشەکی دژە تانک، زرێپۆش و هاوەن. ئەمەش هاوپەیمانانی کورد لەوە دڵنیادەکاتەوە کە ئەوان پشتگوێ نەخراوەن.

بەڵام تورکیا دەخوازێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چەکەکان بباتەوە جا ئەگەر پێشنیازی سەرکردە لەشکرییەکانی ئەمەریکا پشتڕاست بکرێتەوە بۆی هەیە بەرنامەکەی ترامپ بۆ ئەوەی تورکیا شەڕی دژ بە داعش تەواو بکات ئاڵۆز بکات.

مشتومڕ لەسەر هێشتنەوەی چەکەکان بۆ یەپەگە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی جۆن بۆڵتنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەیکا بۆ تورکیا و ئیسرائیل لە هەفتەی داهاتوو بە مەبەستی وتووێژکردن لەسەر سوریا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG