Accessibility links

ئەحمەد میرە : ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەیی گەورەترە لە توانای پارتی و یەکێتی


تادێت ئەگەری دروست کردنی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم ئاڵۆزتر دەبێت، بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە. ئەو لایەنەی ڕاسپێردراوی پێکهێنانی حکومەتەکەیە وەکو گەورە کوتلەی پەرلەمانی پارتی دیموکراتە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەو لایەنەی کە هاوشێوەی پارتی هێزی سەربازی ودارایی لەبەردەستە رازی بکات، بەو پۆستانەی بۆی دیاری کراوە ڕازی بێت.

زۆربری بەرپرسە باڵاکانی پارتی سەقفی داواکارییەکانی یەکێتی بە زۆر دەزانن، لە بەرامبەردا یەکێتیش دەیانەوێ هاوبەشی سەرەکی ئەو کابینەیەبن و رۆڵیان هەبێت، نەوەکو تەماشاکەر.

لەم وتوێژە لەگەڵ سەرنووسەری گۆڤاری لڤین ئەحمەد میرە پێی وایە کە دروست کردنی ئەو حکومەتە نزیکەی 3 مانگێکی دی دەخایەنێت. ئەم نوسەرە بڕوای وایە کە پارتی هەڵە دەکات کە بەنیاز بێت خێراتربەبێ یەکێتی حکومەت پێک بهێنێت، "ئەگەرپارتی بیانەوێ سینارێۆی کابینەی شەشەم دووبارە بکەنەوە کە پۆستی وەزارەتەکانی یەکێتی خاڵی بێت و پارتی کابینەکەی حکومەت رابگەیەنێت، ئەوا هەرێمەکە بەرەو کەرت بوون دەبات. هۆکارەکەش ڕوونە، ئێستا وەفدی دانوستکارو دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێتی نەوەی دووەمی تاڵەبانییەکانە کە جیاوازتر سیاسەت دەکەن و مفاوەزاتەکان بەڕێوە دەبەن، ئێستا یەکێتی لەرابردوو بەهێزتر دەردەکەوێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێڕاق تواناییان بەتەواوەتی دەرکەوت."

لە لایەکی ترەوە قسەی زۆر دەکەن لەسەر درووست بوونەوەی دوو ئیدارەیی، میرە دەڵێت "دوو ئیدارەیی لە ئیدارەی پارتی ویەکێتی گەورەترە، ئێستا وڵاتانی ناوچەکەو عێڕاق و لەسەرو هەمووشیانەوە، ئەمریکا رەنگە رازی نەبن بە کەوتنەوەی دوو ئیدارەیی، لە هەمان کاتدا پارتیش بۆی نالوێ بێ یەکیتی حکومەت بەڕێوە بەرێو کوردستان ببات بەڕێوە، مەگەر حکومەتی بنکە فراوان لە هەولێرو دهۆک دابمەزرێنێت".

کاندید کردنی مەسرور بەرزانی و نێچیرڤان بەرزانی بۆ پۆستەکانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم لەیەک پاکێجدا لای پارتی دەسکەوتێکی سیاسییەو دانانی کەسی لێوەشاوەیە بۆ ئەو دوو پۆستە باڵایە، بەڵام بۆچوونی تریش لەو بارەیەوە لە ئارادایە، ئەحمەد میرە بە هەڵەیەکی سیاسی ناو دەبات کە پارتی بێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سیاسییەکانی تر پۆستی سەرۆکی هەرێمیان دیاری کردووە، دەشڵێت "ئەوە گرفتی نێو بنەماڵەی بەرزانییەو دەیانەوێ ناکۆکییەکانی نێو خۆی خۆیان بیکەنە گرفتیکی سیاسی".

سەبارەت بە کاندید کردنی مەسرور بەرزانی وەکو بەرپرسی دەزگایەکی ئەمنی و هەواڵگیری، بۆ سەرۆکی حکومەت ئەو دەڵێت "راسپاردنی کەسی یەکەمی هەواڵگیری بۆ دروست کردنی حکومەت لە هەر ولاتێکدا بێت، حکومەتێکی ئەمنی تۆقینەر دێتە کایەوە."

ئەو نوسەرە مەترسی هەیە بۆ نەمانی ئەو پەراوێزە دیموکراسییەش کە لە هەرێمەکەدا هەیە، نەمانی ئازادی رادەربڕین، بەڵام دەبێت ئەوە نادیدە نەکرێت هەڵبژێردراوەکە، یەکەم کوڕی بارزانیە کە پێگەیەکی گرنگی حوکمڕانی بۆ 4 ساڵیتر دەگرێتە دەست، ئایا بەڕێز مەسعود بارزانی رۆڵی چی دەبێت؟ لەو بارەیەوە میرە دەڵێت "مەسعود بارزانی بەهەموو هێزێکییەوە لە پشت کابینەکەی مەسرور بارزانیەوە دەبێت، ئەمەش یەکەمجارە دوای دامەزراندنی 8 کابینەی حکومەت، بارزانی بچێتە پاڵ پشتگیری کابینەی 9 کە بۆ بارزانی بە هیواوە چاو لەسەرکەوتنی دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:18:38 0:00

XS
SM
MD
LG