Accessibility links

پارتى داواى پارێزگارێکى بێ لایەن بۆ کەرکوک دەکات و یەکێتیش ڕەتیدەکاتەوە


ململانێى یەکێتى و پارتى لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک بەردەوامە، پارتى لەگەڵ دانانى کەسێکى بێ لایەندایە بە پارێزگار، بەڵام یەکێتى ئەو داوایەى پارتى بە "ئیستیفزاز"کردن وەسف دەکات.

کەمال کەرکوکى بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیان ى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"ئێمە تائێستا دکتۆر نەجمەدین کەریم بە پارێزگار دەزانین، چونکە پارێزگارى ئێستا لەئەنجامى خیانەت کردنى گروپێکى ناو یەکێتى و داگیرکردنى کەرکوکەوە سەپێنراوە."

ئاماژەى بەوەشکرد گەر نەجمەدین کەریم ئامادەى گەڕانەوەش نەبێت بۆ پۆستەکەى، ئەوان بۆ ئەم دۆخە لەگەڵ پێدانى پۆستى پارێزگاردان بە کەسێکى بێ لایەن، نەک لەیەکێتى.

لەبەرانبەردا، ڕەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، داواکارى پارتى بۆ دانانى کەسێکى بێ لایەن بەپارێزگارى کەرکوک بە "ئیستیفزاز"کردنى کەرکوکیەکان وەسف دەکات، دەڵێت"پارتى کەرکوکى بایکۆت کردووە،ئەوان دەیانەوێت پارێزگار دانەنرێت ، بۆیە داواى وا دەکەن."

وتیشى"پارێزگارى بێ لایەن یانى کەسى لاواز ى بێ پشتیوانى سیاسى، پارتى ئەمەى دەوێت، ئەگینا کاتى خۆى عەبدولرەحمان مستەفا کە بە پارێزگار دانرا، خۆ یەکێتى نەبوو، ئەوان هەردژى بوون."

حیزبە کوردیەکانیش، لەلایەک گیرۆدەى دەست دۆخى نالەبارى کەرکوک و لەلاکەى تریش گیرۆدەى دەست ململانێى نێوان یەکێتى و پارتین، بەو پێیەى ئەم ململانێ یە دۆخى کەرکوکى بە هەڵواسراوى هێشتۆتەوە.

بەختیار کەرکوکى، بەرپرسى پەیوەندیەکانى پارێزگاى کەرکوکى حیزبى شیوعى و بەشداربوونى کۆبونەوەى چەند ڕۆژى ڕابردووى حیزبە کوردیەکان، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"لەکۆبونەوەى حیزبە کوردیەکان دا، گفتووگۆ لەبارەى دانانى کەسێکى دیاریکراو بە پارێزگارى کەرکوک نەکراوە، تەنها باسلە کاراکردنەوەى ئەنجومەن و هەڵبژاردنى پارێزگارێک بۆ کەرکوک کراوە."

ململانێى نێوان یەکێتى و پارتى لەسەر دۆخى کەرکوک، پەیوەندى بەرووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردووەوە هەیە، پارتى یەکێتى بە"خیانەت"کردن و یەکێتیش پارتى بەتێکدانى "یەکڕیزى کورد"تۆمەتباردەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:49 0:00

XS
SM
MD
LG