Accessibility links

درێژە کێشانی داخستنی بەشێکی حکومەتی ئەمریکا


هێشتا داخستنی بەشێک لە حکومەتی فێدراڵی ئەمریکا نزیک نەبۆتەوە لە چارەسەرکردن.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە دیموکراتەکان کۆتایی بەم قەیرانە بێنن و هەرچی ڕێبەرانی دیموکراتەکانیشن لە کۆنگرێس لۆمەی سەرۆک ترامپ دەکەن بەوەی وڵاتەکەی ڕادەکێشێتە ناو گێرەشێوێنییەوە.

سەرۆک ترامپ و دیموکراتەکانیش لە پێش ڕۆژی لەدایک بوونی عیسا پێغەمبەرەوە (کریسمس) یەک ئەوەی تریان گوناهبار دەکات بە داخستنی بەشێک لە حکومەت.

چوار ڕۆژە بەشێکی حکومەتی فێدراڵی ئەمریکا داخراوە چونکە کۆنگرێس و سەرۆک ترامپ نەگەیشتوونەتە ڕیککەوتن لەسەر بەرنوسی خەرجییە پێویستەکان.

ئەو دەزگایانەی حکومەتی فێدراڵ کە سەروسەودا لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانی و هەروەها پارێزراویی گشتی دەکەن کراوەیە، بەڵام ئۆفیسەکانی تری حکومەتی فێدراڵ داخراون و ئەم قەیرانە کاریگەری هەیە بەسەر 800 هەزار کارمەندی فێدراڵییەوە. ئەوانەی کە بە کارمەندی گرنگ یان پێویست دانراون دەچنە سەر کارەکانیان بەڵام موچەیان نابێت تا ئەو کاتەی کۆتایی بەم داخستنەی بەشێک لە حکومەتی فێدراڵ دێت.

نانسی پیلۆسی، سەرۆکی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و چەک شومەر، ڕێبەری کەمینەی دیموکراتەکان لە سینات، لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا نوسیویانە " سەرۆک ئەم داخستنەی ویستووە، بەڵام پێشدەچێت نەزانێت چۆن خۆی لێ بێنێتە دەرێ."

ترامپ داوای پێنج ملیار دۆلار دەکات بۆ دروستکردنی دیوارێک لە سنوری نێوان ئەمریکا و مەکسیکۆ.

سەرۆک ترامپ کە پشووی تایبەتی خۆی هەڵوەشاندەوە بۆ ڕۆژی کریسمس بەهۆی ئەم قەیرانەوە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی " بە تەنها ماومەتەوە، منی داماو لە کۆشکی سپیم و چاوەڕوانی دیموکراتەکانم تا بگەڕێنەوە و بگەینە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو پێدوایستییە هەرە زۆرەی بۆ ئاسایشی سنور هەیە. ئەگەر دیموکراتەکان نەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بکەن ئەوا باجەکەی زۆر زیاتر دەکەوێت لەو دیوارە سنوریەی باسی دەکەین."

زۆرێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان هاوڕای سەرۆک ترامپن بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە سنورییە.

XS
SM
MD
LG