Accessibility links

دەیان ئەندام و چالاکوانی سەر بە هەدەپە لە تورکیا دەستگیر دەکرێن


پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لێدوان بۆ پەیامنێران دەدات بەر لە دەستپێکردنی مانگرتنی لە خواردنی دوو ڕۆژی بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتنی لەیلا گوڤەن یاسادانەری کورد لە زیندان. 4 ی مانگی 12 ی 2018 لە پەرلەمانی تورکیا لە ئەنکەرە.

پۆلیسی تورکیا لە ڕۆژی دووشەممەوە لە چەندین هەڵمەتی جیاوازدا بۆ سەر بنکە خۆجێهییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ی سەر بە کوردەکان، دەیان کەسیان دەستگیر کردووە، کە زۆربەیان ژنن. لە هەڵمەتەکاندا ئەندامانی پارتەکە و پشتیوانانی کە مانیان لە خواردن گرتبوو بۆ پشتیوانی کردن لە ئەندامی پەرلەمانی زیندانی کراوی هەدەپە لەیلا گوڤەن.

لەیلا گوڤەن
لەیلا گوڤەن

گوڤەن لە مانگی یەکی ڕابوردوو بە تاوانی تیرۆر دەستگیرکرا پاش بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دژ بە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتونی تورکیا لە عەفرینی سوریا.

لە میانەی گوێگرتنی دادگاییدا لە مانگی ڕابوردوو، ئەو گوتی مانی لە خواردن گرتووە بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرابەر بەو ڕەوشەی کە عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پەکەکەی تیادایە لە زیندان.

کاربەدەستانی هەدەپە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند هەڵمەتەکانی پۆلیس لەم هەفتەیەدا ئامانج بوون بۆ سەر ئەندامانی پارتەکەیان و ئەو چالاکوانانەی کە مانیان لە خواردن گرتبوو بۆ پشتیوانی کردن لە گوڤەن. ئەوان دەڵێن پۆلیس لە باتمان 29 ئەندامیانی دەستگیر کردووە و لە دیاربەکر 25 و لە وانیش 14.

بەیاننامەیەکی هەدەپە لە پاش دەستگیرکردنەکاندا هاتووە " ئەم هەنگاوە نایاساییەی دژ بەو ژنانە دەکرێت کە دەیانەوێت ببن بە دەنگێکی ئاشتی جارێکی تر ئەو ڕاستیە نیشان دەدات کە مانگرتنەکەی لەیلا گوڤەن بەهێزتر دەکات لە 34هەمین ڕۆژیدا."

لە بەیاننامەکەدا داوا لە کاربەدەستانی تورکیا کراوە کۆتایی بە گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان بهێنن. هەدەپە دەڵێت

" گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم بە دیموکراتی بوون و چارەسەرکردن خودی ئەم گۆشەگیرییەیە."

کاربەدەستانی تورکیا ئامادەنەبوون لەسەر ئەم دەستگیرکردنە هیچ لێدوانێک بدەن بەڵام ئاژانسی نیمچە فەرمی تورکیا ئەنادۆڵۆ دەڵێت هەڵمەتەکان لەلایەن یەکەی دژە تیرۆرەوە دژ بەو گومانبارانە ئەنجام دراوە کە " پروپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەکەن".

پەیامنێرێکی دەنگی ئەمەریکا کە لە نزیک بنکەی هەدەپە لە دیاربەکرەوە ڕاپۆرتی ڕاگەیاند گوتی، دەیان پۆلیس بە کەرەستەی دژە ئاژاوەو قەڵغانەوە لە دەوروبەری باڵەخانەکە دەبینرێن لە کاتێکدا پۆلیسی دژە تیرۆر ئەندامەکانی هەدەپە دەخەنە نێو ماشێنی پۆلیسەکانەوە.

خەجێ کیا، بەرپرسی هەدەپە لە وان هۆشداری دا کە مانگرتنەکە بەردەوام دەبێت و ڕەنگە فراوانتریش بێت ئەگەر کاربەدەستانی تورکیا نیگەرانییەکانیان لەسەر ڕەوشی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان چارەسەر نەکات.

کیا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن بەبێ گوێدانە هێرشەکان، ئێمە پشتیوانی لە هاوکارەکانمان دەکەین."

XS
SM
MD
LG