Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: شوان کەمال


شوان کەمال

پێم وەهانییە هیچ شتێک بۆ هونەرمەند و نوسەر لەوە خۆشتربێت بەرهەمەکانیان لەبەرچاوی خەڵکدا بن و دووربەدوور سەرنجدان و ڕامانی خەڵک بەرامبەر بە بەرهەمەکانیان ببینن.

تەمەنی هونەری بەس نییە تا بگوترێت هونەرمەندێکی داهێنەر و نوێخوازە، یان بڵێیت ئەزموونی دەیان ساڵی هەیە لە کارەکەیدا، بەڵکو ئەوەی گرنگەئەوەیە کە لە هزری خوێنەر و بینەردا دەمێنێتەوە، قوڵایی سەرنجدان و خوێندنەوەکانیەتی بۆ بەرهەمە هونەری و فەرهەنگییەکان.

شاراوە نییە لە هەموو بەرهەمێکی هونەریدا پەیامێک هەیە وەک چۆن لە نوسینێکدا یان هەر دەقێکی فەرهەنگیدا، ئاوەهاش لە هونەری پەیکەرتاشیدا پەیامێک هەیە پێویستە بگاتە بینەر، بەڵام نکوڵیش ناکرێت لەوەی بە تایبەتی لەم هونەرەدا گەیاندن یان جێکردنەوەی پەیامەکان ڕەنگە کارێکی ئاسان نەبێت لەو سۆنگەیەوەی کۆمەڵگە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە ڕووداو و بەسەرهاتە و ئێستایشی بە هەمان شێوە، هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت ئەو هەموو ڕووداو و بەسەرهاتانە لە پەیکەرێکی گەورەدا جێیان نابێتەوە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە پەیکەرەکان خاوەنی هەر هیچ نەبێت پەیامێکی تایبەت نەبن لە ڕەهەندەکانی خودی پەیکەرەکەوە.

بەڵام ئایا هەموو جارێک و بە ئەندازەی پێویست کۆمەڵگە لەو کارە هونەریانە تێدەگات یان ئایا دەخوازێت تێیبگات؟!

ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی دەشێت بگوترێت خاوەنی وەڵامی جۆراوجۆرە و لە هەندێک باریشدا وەڵامدانەوەکە خۆی پرسیارگەلێکی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، هۆکارە سەرەکییەکەشی وەک زۆرێک لە پسپۆڕانی هونەریی ئاماژەی پێدەکەن دەگەڕێتەوە بۆ ژمارەیەک فاکتەر، لەوانە جیاوازی بیرکردنەوە، ئاستی چێژ وەرگرتن لە کارێکی هونەری، ڕۆشنبیریی گشتی لەسەر خودی هەونەر و بەتایبەتیش هونەری پەیکەرسازی، تەمەنی ئەم هونەرە، چۆنییەتی بینینی ڕێگری و تەگەرەکانی بەردەم ئەم هونەرە و چەندان هۆکاری تریش.

بێگومان ئەمەش کاری هونەرمەند قورستر و سەختتریش دەکات لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا هونەر نەبۆتە کلتور و هێشتاش وەک بەشێک لە شارستانی ناڕوانێتە هونەر.

لە زۆرێک لە فەرهەنگەکاندا پەیکەرە هونەریەکان دەبنە هێما و سیمبۆل بۆ شارستانییەکان لەگەڵ پاراستنی بەهای هونەری و بە بەشێکیش لە ئیستاتیکای شارەکان و شوێنەکان دادەنرێن.

کەم نین ئەو هونەرمەندە بەهرەمەند و داهێنەرانەی لە کۆمەڵگەکەی لەمەڕ خۆماندا نەیانتوانیوە ئەو خەونانەی هەیانە بیانهێننە دی، بەڵام کاتێک هەوار دەگوێزنەوە و لە جوگرافیایەکی تردا دەستپێدەکەنەوە ئەوا سنورەکانی خەونەکانیشیان تێدەپەڕێنن.

شوان کەمال، هونەرمەندی پەیکەرتاش یەکێکە لەو هونەرمەندانەی بەرهەمەکانی لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپادا دادەنرێن و وەک کاری باڵای هونەری سەیر دەکرێن.

کارامەیی شوان کەمال لەم هونەرە سێ ڕەهەندیەدا ئەوەیە هەمیشە بایەخی داوە بە پێکەوە گرێدانی هونەرەکەی بە داهێنانەوە ئا لەم سەروەختەدا کە پەیکەرسازی بۆتە پەیامێکی تەواو جیاواز لەوەی هەر تەنها وەک پەیامێکی ئاینی یان مێژوویی سەیر بکرێت.
شوان کەمال بە هەر کەرەستەیەک کارە هونەرییەکانی بەرجەستە بکات دەتوانێت وەها لە بینەری بکات بە سەرسامییەکی قوڵەوە لێی بڕوانن و ئەو پەیکەرە بە ئاسانی بکەوێتە دیالۆگ لەگەڵ هزری بینەرانیدا.

ئایا خاڵی جیاواز و هاوبەش چیین لە نێوان پەیکەرسازی لە کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا؟

ئایا هونەری پەیکەرتاشی چەندێک پەیوەندی بە ڕەهەندی ڕۆشنبیرییەوە هەیە و تا چ ئەندازەیەک کاریگەریی دەبێت بەسەر ئەم هونەرەوە؟

ئایا جیاوازی چیە لە نێوان کایەی هونەری و کایەی سیاسی، هونەرو سیاسەت چۆن لەیەک جیا دەکرێنەوە؟

شوان کەمال، هونەرمەندی پەیکەرساز لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:27:28 0:00

XS
SM
MD
LG