Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: جەلال بەرزنجی


جەلال بەرزنجی

دەشێت شیعر دێرینترینیان بێت لە نێو هەموو ژانرە فەرهەنگییەکاندا و زۆربەی هەرە زۆری نوسەرانیش بە شیعر ژیانی فەرهەنگی خۆیان دەستپێدەکەن.

ناچینە ناو مێژووی شیعرەوە و دەستبەجێ لە شیعری نوێوە دەستپێدەکەین. وەک لێکۆڵەرەوە جەختی لێدەکەنەوە شیعری نوێ ئەو بەرهەمە ناوازەیەیە کە لە وێنەیەکی شیعریدا مانای گەورە و ڕامان دەبەخشێت بە خوێنەری خۆی.

دیسان وەک باڵندە، ئازاد
بەرەو خۆرئاوا دەفڕمەوە.
رەنگە ئەو هەموو هاتوو چوونە،
ماڵم قووت دات و
چیرۆکی ژیانم پەڕ پەڕ کات.

هەمیشە ئەو وێنە شیعریانە لە هزری خوێنەری خۆیدا دەمێننەوە کە دەتوانێت خوێندنەوە بۆ خوێنەری خۆی بکات جا لە هەر ڕەهەندێکیەوە بێت و وەها لە خوێنەری خۆی بکات بە قوڵی بیربکاتەوە لە خۆی و لە ژیان و لە پەیوەندییەکانیشی بە دەوروبەرەوە.

هەرگیز نکوڵی لەو ڕاستیانە ناکرێن کە شیعری شاعیرانی پایەبەرزی وەک نالی و مەحوی و بێسارانی و بێخود و هتد بێبەشیان نەکردوین لەو ڕامان و قوڵبوونەوە ورد و سەرسامیە گەورانە. وەلێ ئەوەی جیاوازە چۆنییەتی داڕشتن و شێوازی نوسینە، دەنا لە مانادا هیچ یەکێکیان کەمتر نییە لەوی تریان.

چیتر کەمینە نەبم،
لە سەر پارچە عاردەکەی خۆم
بەسەروەری بژیم،
ئەوە خەونی باوکیشم بوو،
بردیە ژێر گڵ.
لە رێگەی چوونە وێندەرم
دەترسم، منیش،
ئەو خەونە ببەمە لای ئەو.

جەلال بەرزنجی، یەکێکە لەو شاعیرانەی ناگەڕێت بەشوێن مانا جێگیرەکاندا یان ئەو مانایانەی دەبنە پاشکۆیەک و لە ڕووبەرێکی سنورداردان و ناتوانن هێڵە زبرەکانی ئەو تخوبە ببڕن، بەڵکو هەوڵدەدات بە دەستوەردانی لە هزری خوێنەردا کۆمەڵێک مانا دروست بکات و هەر یەکەشیان ببێتە ڕاستییەک بۆ ئەو خوێنەرە ڕژدەی دەکۆشێت تا لە جیاوازی ماناکاندا پرسیاری نوێ سەبارەت بە بوون و ئامادەیی بدۆزێتەوە تا دەستبکاتەوە بە گەڕانێکی تری نوێدا بەشوێن وەڵامی نوێ بۆ پرسیارە نوێکان.

کەسێک لە ناو تڕومبێل
سەگەکەی لە سەر ئاکاری خۆی رادەهێنا
،یەکێکی تر
پشیلەیێکی وا لێ کردووە
رێگەی دووری
پشت دەرگای ماڵەکەی بێت
لە ناو گۆمێکی دەست کرد،
ئافرەتێک
خەریکی دۆلفینێکە
فێری دەکات
چۆن یاری لە گەڵدا بکات
کوڕێک
کۆترێکی والێ کردوە،
لە ئاسمان بێتەوە ناو قەفەز.
بێنە بەرچاوت
گەر ئەوانەش، وەک ئێمەیان لێ بێت،
چیان بەسەر دێت ؟

هێندەی ئەوەی تێکستەکانی جەلال بەرزنجی شاعیر دەخوێنمەوە، دڵنیا دەبم لەوەی بەرزنجی هەرگیز نەیویستووە و ناشیەوێت ببێتە خاوەنی یەک شاباڵ و ئاسمان تەی بکات، بەڵکو دەخوازێت لە یەک کاتدا هەست و نەست ، خەیاڵ و هزر بکاتە بابەتگەلی چێژ بەخشین بە خوێنەر، چێژێک خوێنەر بە دەم ئاوازێکی نەرمەوە و بە پێپلیکەکانی زماندا دەبات بەرەو نهۆمە بەرزەکانی درک پێکردن و لەوێش بە هونەری بەرزی شیعر ئاشنا دەبێت و بە نهێنییەکانی نوسینیش لای جەلال بەرزنجی وەک دەڵێت" لە کاتی نووسین،حەز دەکەم لە ژوورێک بم، کەسی لێ نەبێت، هەتا خۆشم!"

جاری یەکەم
کە بەو رێگایەدا
گەڕامەوە،
وەک شەپۆلی ژێر خورەتاو
لە دوور را رەنگی دەدایەوە!
ئێستا لە سەر هەمان رێگام،
ئەوجارە وەک پارچە هەورێکی پایز،
لە پێش هەنگاوەکانم،
پەرت دەبێت!

ئایا مەرجە هەموو شیعرێک بمانبات بەرەو ڕامانێکی هەمیشەیی؟

ئایا ژیانی غەریبایەتی دوێنێ و ئەمڕۆ لە هەست و نەستی شاعیرەکاندا جیاوازن؟

ئایا لە دەقە شیعرییەکانی جەلال بەرزنجی شاعیردا، منداڵیی چەندێک ئامادەیی هەیە؟

جەلال بەرزنجی شاعیر لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:11 0:00

XS
SM
MD
LG