Accessibility links

تورکیا ڕەخنە لە پلانێکی ئەمەریکا بۆ دانانی چاودێری سەرسنورەکان دەگرێت


تورکیا بە توندی ڕەخنە دەگرێت لە پلانەکەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ دانانی چاودێریی سەرسنورەکان لەباکوری سوریا تا ڕێگر بێت لەهەر پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی تورکیا و یەکینەکانی پاراستنی گەل کە واشنتۆن پشتیوانیان لێدەکات.

وەزیری بەرگری تورکیا هولوسی ئەکار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ دەڵێت "من لەو باوەڕەدام ئەم هەڵوێستە ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بارودۆخەکە خۆی لەخۆیدا ئاڵۆزە."

دەشڵێت "ئێمە چەندین جار هاوتا ئەمەریکاییەکانمان سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئێمە لەو بارەیەوە ئاگادار کردۆتەوە." هەروەها ئاکار وتیشی بەمدواییانە بابەتەکەی لەگەڵ سەرۆکی سەرکردایەتی هێزە هاوبەشکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جۆن دانفۆرتدا باسکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری بەرگری ولایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند واشنتۆن ویستویەتی بە تەواوی سنورە باکورییەکانی سوریادا، کە هاوبەندە بە سنوری تورکیاوە، چاودێری سنووریی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرژیانەی کە لەنێوان تورکیا و هاوپەیمەنە کوردەکانی واشنتۆندا لەئارادایە، ئەو هێزە کوردانەی کە شەڕ دژی داعش دەکەن.

هێزی سوریای دیموکرات لە 11ی ئەم مانگەدا لە بەیاننامەیەکدا ئەوەی ڕوونکردەوە هێزەکانیان دەکشێننەوە کە دژی داعش لەشەڕدان پاش ئەو بارگرژیانەی کە تورکیا دروستیکردوون لەناوچەکەدا بەهۆی تۆپبارانکردنی پێگەکانیانە لەلایەن تورکیاوە.

هەر لە دەمی سەرهاڵدانەکانی سوریاوە کورد لە باکوری سوریا ناوچەیەکی نیمچە ئۆتۆنۆمی بۆخۆی سازکردووە.

بەڵام ئەنکەرە لە ساڵی 2016 ەوە هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا بەرپاکردووە لەدوایەمین هەڵمەتیدا لەشکرکێشی و داگیرکردنی عەفرین بوو کە هەر لەمانگی سێ وە گەمارۆی ئەو شارەی داو پاش دوو مانگ لە خۆڕاگری یەکینەکانی پاراستنی گەل بەڵام بۆردومانکردنی ئەو شارە و لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و تۆپبارانکردن و بەکارهێنانی چەندین چەکی قورس و بە هاوکاری گروپە توندڕەوە ئیسلامییە پشتیوانەکانی تورکیا لە سوریا ئەو شارەیان کۆنترۆڵکرد.

XS
SM
MD
LG