Accessibility links

سەردانەکەى بارزانى بۆ بەغدا لەنێوان ئومێد و گوماندا


سەردانى مەسعود بارزانى سەرۆکى پێشوى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا کاردانەوەى جیاوازى لێدەکەوێتەوە، بەرپرسانى پارتى پێیانوایە سەردانەکە ئاسایی بوونەوەى دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکانى بەدوادادێت، بەرپرسانى یەکێتیش گومانیان لە "ناڕوونى ئەجێندا"ى سەردانەکە هەیە.

سەردانەکەى بارزانى بۆ بەغدا، دواى ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى کەرکوک لەڕێگەى بۆریە نەوتیەکانى هەرێمەوە دێت، بۆیە بەشێک لە بەرپرسە پارتیەکان، دەڵێن"رێکەوتنى ئابورى، ڕێککەوتنى سیاسى بەدوادادێت."

نورى حەمە عەلى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى و فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوک_پردێ ى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد سەردانەکەى بارزانى دەستکەوتى گرنگى بەدوادادێت، بێ ئەوەى ئاماژە بەو دەستکەوتانە بکات.

نورى حەمە عەلى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بارزانى تەنها بۆ مەسەلەى نەوت و غاز نەرۆیشتوەتە بەغدا، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەندێک مەسەلەى تریش ڕۆیشتووە."

وتیشى"کاک مەسعود بۆ دروستکردنى پەیوەندیەکى بەهێزى نێوان هەرێم و بەغدا و زیادکردنى بودجەى هەرێم بۆ 15% رۆیشتووە."

سەردانەکەى مەسعود بارزانى بۆ بەغدا، دواى پەیوەندیە خراپەکانى حیزبەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراقى و لایەنە شیعیەکان دێت ، کە پەیوەندى نێوانیان ماوەى زیاتر لەساڵێکە و بەهۆى ریفراندۆمەوە لەوپەڕى خراپیدابوو.

چاودێران چەند هۆکارێک لەپشت سەردانەکەوە دەبینن، لەوانە هاندانى هەرێم لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر ناردنە دەرەوەى نەوت و غازى هەرێم. لەگەڵ هەوڵدانى بارزانى بۆ باشکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ بەغدا، کە خراپى پەیوەندیەکانی دەرفەتى دابووە یەکێتى، تا وەکو نوێنەرى هەرێم لەبەغدا مامەڵە بکات.

مەریوان نادر یەکێک لەپەرلەمانتارانى کەرکوکى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"ئەجێنداى سەردانەکەى بارزانى بۆ بەغدا ڕوون نیە، ئێمە وەکو لایەنە سیاسیەکان زانیاریمان لەبارەى ئەجێنداى سەردانەکەوە نیە."

وتیشى"هیوادارین سەردانەکە سەردانێکى حزبى نەبێت، بەڵکو ئامانج لێى ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک و پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بێت."

لاى خۆشیەوە ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چاوەرێ دەکرێت لەماوەى ئەم چوار ساڵەدا کێشەى ناوچە کێشەلەسەرەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا یەکلایى بکرێتەوە و ڕێککەوتنى تەواوى لەسەر بکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:02 0:00

XS
SM
MD
LG