Accessibility links

تورکیا 28 کەس بە تاوانی کوشتنی باڵیۆزی ڕوسیا لە ئانکەرە تاوانبار دەکات


ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی تورکیا ئەنادۆڵۆ ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی تورکیا 28 کەسی تاوانبار کرد بەوەی پەیوەندیان هەبووە بە کوشتنی باڵیۆزی ڕوسیا لە ئانکەرە لە ساڵی 2016 و فەتحوڵا گولەنی بنکە لە ئەمەریکاشی وەکو گومانباری سەرەکی ئەو دۆسێیە ناودێر کرد.

ئاندرێ کارلۆڤ لە مانگی 12 ی ساڵی 2016 کاتێک لە پێشانگایەکی ئانکەرە قسەی دەکرد لەلایەن پۆلیسێکی کە لە کاتی ئەرکەکەیدا نەبوو تەقەی لێکراو کوژرا. هێرشبەرەکە هاواری کرد " ئەڵاهو ئەکبەر" و " حەلەبتان بیر نەچێت" لە کاتێکدا تەقەکەی کرد. وا دیاربوو مەبەستی ئەوە دەستێوەردانی ڕوسیا بوو لە سوریادا. پاشان هەر لەوێدا لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراو کوژرا.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە بزوتنەوەی گولەن دەستی هەبووە لەو کوشتنەدا، بەڵام لەلاین گولەنی کەسایەتی ئاینییەوە ڕەت کرایەوە. ئەردۆغان، فەتحوڵا گولەنی بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 تاوانبار کرد.

گولەن کە لە ساڵی 1999وە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەژێت، کودەتاکەی مەحکوم کرد و نکوڵی لەوە کرد دەستیتێدا هەبووبێت.

دادپرسان لە تورکیا ڕایانگەیاند ڕێکخراوی گولەن هەوڵی دابوو پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا تێک بدات. لەو کاتەدا پەیوەندی نێوان تورکیا و ڕوسیا ناکۆکی تێکەوتبوو پاش ئەوەی تورکیا ساڵێک لەوەو پێش فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسیای بە سەر سوریاوە خستە خوارەوە.

بەڵام لە دەمی کوشتنەکەی کارلۆڤەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و مۆسکۆ تا ئەندازەیەک پێشوەچوونی بەخۆوە بینیوە.

XS
SM
MD
LG