Accessibility links

پێکهەڵبژانى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانى کەرکوک بەردەوامە


کەرکوک
کەرکوک

کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانى باشورى کەرکوک لەسەر زەوى و زار بەردەوامە، عەرەبە هاوردەکان دەیانەوێ 9 گوند بەکوردەکان چۆڵ بکەن و بگەرێنەوە بۆ ناوچەکە، کوردەکانیش جێهێشتنى گوندەکانیان رەتدەکەنەوە.

ئەو زەوى و گوندانەى کە ئێستا جوتیارى کورد و عەرەب ناکۆکیانە لەسەریان، تا ساڵانى 1975 کوردیان تێدابووە، بەڵام دواتر بەعس کوردەکانى راگواستوە و عەرەبى لەجێگەکانیان نیشتەجێ کردووە.

لەساڵى 2003 کاتێک رژێمى بەعس رووخا، عەرەبە هاوردەکان ناوچەکەیان جێهێشت و کوردەکان بۆ زێدى خۆیان گەڕانەوە،بەڵام لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە کە هێزە عێراقیەکان گەڕانەوە، عەرەبەکان جارێکى تر گەڕاونەتەوە و دەیانەوێ کوردەکان دەربکەن.

رەمەزان مەجید موختارى گوندى یەنگیجەى تاڵەبانى، پارێزگارى کەرکوکى بەپشتگیرى کردنى عەرەبە هاوردەکان تۆمەتبارکرد و بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە دەمانەوێ بەپێى یاساى ئیسڵاح زراعى ساڵى 1970 مامەڵە لەگەڵ کێشەى گوندەکان دا بکرێت، کە لەو یاسایەدا جوتیارى کورد و عەرەب و تورکمان وەکو یەک زەوى پێدراوە و مامەڵەى لەگەڵ کراوە."

وتیشى"عەرەبە هاوردەکان بە پشتیوانى پارێزگار دەیانەوێ بە یاساى ساڵى 1976 مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکەن، کە ناوچەکەى پێ تەعریب کرا و ئێمەى پێدەرکرا."

موختارەکەى گوندى یەنگیجەى تاڵەبانى، نیگەرانى خۆشى دەربڕى لەوەى عەرەبەکان ئیدارەى کەرکوک پشتیوانیانە، بەڵام ئەوان کەس پشتگیریان ناکات و تەنها خۆیان بەرگرى لەمافەکانیان دەکەن.

کوردەکان 16 ساڵە لەنێو گوندەکانیاندان، عەرەبەکانیش لەدواى ساڵى 2003 ەوە ڕوویان لەناوچەى رەبیعەى موسڵ و چەند ناوچەیەکى ترى پارێزگاى سەڵاحەدین کردووە، چاویان لەسەر چۆڵکردنى ناوچەکەیە بەکوردەکان بۆ ئەوەى دواتر خویان بگەرێنەوە.

ئیدارەى کەرکوک دادوەرێکى عەرەبى لەدادگاى داقوقەوە رەوانەى گوندەکان کردووە، تا دادوەرەکە کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان بەپێى یاسا یەکلایى بکاتەوە.

رەمەزان مەجید وتى"دادوەرەکە هاتە ناوچەکەمان و دەیویست پشتگیرى عەرەبەکان بکات، بەڵام ئێمە بەژن و مناڵەوە هەستاین و وتمان: بمانکوژن، ماڵ و حاڵمان جێناهێڵین."

لاى خۆیەوە رەملە عوبەیدى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەکوتلەى عەرەبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان دەبێت بەیاسا چارەسەر بکرێت."

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:58 0:00

XS
SM
MD
LG