Accessibility links

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا: عێراق دەتوانێت لەڕێگەی نێودەوڵەتییەوە سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكات بۆ شكانی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی


 ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د
ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د

لەمیانەی وتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند" حکومەتی عیراق بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەتوانێت پەنا بباتە بەر ڕێگا چارەی نێودەوڵەتی لە ڕێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتی لەنەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن) سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکات لەبەرامبەر گەمارۆ خستنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوە هێزە بۆ عیراق ئەگەر بتوانێت لەو ڕێگایەوە (ڕێگای نێودەوڵەتی) کێشەکەی چارەسەر بکات بۆیه‌ پێویست دەکات عیراق سکاڵا لەسەر تورکیا لای ڕێکخراوی فڕینی شارستانی جیهانی لە (یوئێن) تۆماربکات بۆ ئەوەی تورکیا لەو هەڵوێستەی بگەڕێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکات ، یا ئاسانتر لەو ڕێگایە بەپێی بڕگەیەکی ئەو ڕێکەوتننامەیەی هەیەتی لەگەڵ تورکیا، عیراق دەتوانێت مامەڵەی هاوشێوە بکات و بڕیاری داخستنی یەکێک لەفڕۆکەخانەکانی عیراق بەڕووی فڕۆکەکانی تورکیادا بدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەڵوێستی حکومەتی عیراق هەڵوێستێکی لاواز و شەرمنانەی لەوڕوەوە لەبەرامبەر تورکیا هەیە، دەشڵێت" ئەگەرچی لەسەر ئاستی سەرۆک کۆماری عیراق و پەرلەمانتارەکان لەپەرۆشیانەوە هەوڵ دراوە بەڵام دیارە هیچ وەڵامێکی ئەرێنی لای تورکیاوە نەبووە وە هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نیە، وادیارە ئەو هەوڵانە ئەنجامی نەبووە."

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەسەرەتای گفتوگۆکەدا وتی" لە ماوەی ڕابردوودا چەند هەوڵێک دراوە لەسەر ئاستە جیاوازەکان بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و هیچ ئاماژەیەکی فەرمی نیە لەوبارەیەوە."

جەختیشیکردەوە" داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هیچ هۆکارێکی یاسایی و هونەری و ئیداری نەبووە بەڵکو بەهۆی پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیاوەیە لەگەڵ ئەم ناوچەیە."

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا ڕونیکردەوە" هەوڵەکان لەماوەی ڕابردوودا چەندین پەیوەندی بووە لەسەر ئاستی بەرز وە خۆمان پەیوەندیمان بە حکومەتی عیراقیەوە کردووە تا هەمان مامەڵە بە پێی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی مامەڵە بکات لانی کەم بۆ ماوەیەک یەکێک لەفڕۆکەخانەکانی بەڕووی فڕۆکەکانی تورکیا دابخات چونکە ئەم فڕۆکەخانەیە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی لەسەرە کە دوو شاری عیراقین وە ئەوە پەیوەندی هەیە بەهەیبەتی عیراقەوە بەڵام بەداخەوە حکومەتی عیراقی هیچ هەڵوێستێکی کرداری نەناوە."

وتیشی" من ئەو هەوڵانە بەرز دەنرخێنم هەموویان لەپەرۆشیانە، بەڵام بە ڕای من هیچ وەڵامێکی ئەرێنیان دەست نەکەوتووە و هەوڵەکان ئەنجامی نەبووە، بۆیە تا ئێستا ئێمەش هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە ."

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماژەی بەزیانەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دا و وتی" زیانەکان زۆرن هەم زیانی مادی وە هەم زیانی بۆ هاوڵاتیان لەڕوی دروستبونی گیروگرفت دروستکردن بۆ هاوڵاتی، جگە لەوەی زیانی زۆری بۆ جموجۆڵە بازرگانیەکان لەم ناوچەیە هه‌بووه‌، چ لەڕووی کەمبونەوەی ژمارەی گەشتەکانەوە، کەدەتوانم بڵێم لە(30%-35 هەتا %40) کەمیکردووە بەبەراورد بەپێش گەمارۆخستنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی."

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا ئەوەشی وت" من سەرەتا پەیامەکەم بۆ تورکیایە کە هاوڵاتی ئەم ناوچەیە زیان دەکات کەهاوڵاتی مەدەنین، وە دواتر حکومەتی عیراق پێویستە بەجدی بێتە سەرخەت و چارەسەری ئەم کێشەیە بکات چونکە ئەوە دەسەڵاتی حکومەتی عیراقیە ، بەپێی دەستوری عیراقی لەدەسەڵاتی حکومەتی هەرێم نیە بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێمیش فشارەکانی بۆ سەر بەغداد چربکاتەوە لەوبارەیەوە. بەڵام ئەو کارتانەی بەدەست حکومەتی هەرێمەوەیە زۆر بەهێز نیە تا بتوانێت ئەو فشارە لەسەر بەغداد دروست بکات."

سەبارەت بەچارەسەری نێودەوڵەتی بۆ لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە، ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا وتی" ئێمە فڕۆکەخانەیەکین لەچوارچێوەی یاسای فڕینی شارستانی بۆ خزمەتی گەلان و لێکنزیکردنەوەی گەلان کاردەکەین هەر بەپێی ئەوەی ڕێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتی دایناوە ناکرێت فڕۆکەخانە شارستانیەکان بۆ دژایەتی و لێک دورخستنەوەی گەلان بەکاربهێنرێت بەپێچەوانەوە دەبێت بۆ لێکنزیکردنەوەی گەلان بێت، ئێمە و تورکیا دوو گەلین پێویستە پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای دۆستایەتی بێت نەک فڕینی شارستانی بۆ دژایەتی یه‌كتر بەکاربهێنن، بۆیە پێویست دەکات عیراق سکاڵا لەسەر تورکیا لای ڕێکخراوی فڕینی شارستانی جیهانی لە (یوئێن) تۆماربکات بۆ ئەوەی تورکیا لەو هەڵوێستەی بگەڕێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکات."

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی شێوازی تۆمارکردنی سکاڵاکەی ڕون کردەوە و وتی" عیراق لەناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا وڵاتێکی خاوەن سەروەریە، وەک تورکیا ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە و نوێنەری هەیە، هەروەها ئەندامی ڕێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتیە، دەتوانێت لەڕێگای یاسای نێودەوڵەتیەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات نەک ئاوا شەرمنانە بوەستێت و هەنگاوی کردەیی نەبێت."

هەروەها وتی" مادام یاسا لەپشتی عیراقە بەبۆچونی من لەبەرژەوەندی عیراق دەبێت نەک دژی عیراق. بێگومان ئەوە هێزە بۆ عیراق ئەگەر بتوانێت لەو ڕێگایەوە (ڕێگای نێودەوڵەتی) کێشەکەی چارەسەر بکات"

وتیشی" بەڵام ڕێگایەکی ئاسانتر هەیە، کە عیراق پێویست ناکات پەنا ببات بۆ سکاڵای نێودەوڵەتی، دەتوانێت بەپێی ئه‌و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، کەبەندێک لەڕێکەوتنەکەی (التعامل بمثل) ە واته‌ مامەڵەی هاوشێوە دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات بەڵام وەک وتم عیراق لاواز و شەرمن و بێ هەڵوێستە لەم ڕوەوە هۆکارەکەش ڕەنگە بەهۆی دۆخی سیاسی و ئابوری عیراقەوە بێت."

له‌دوای ڕیفراندۆمی (٢٥)ی ئه‌یلولی ساڵی ڕابردوو له‌هه‌رێمی كوردستان،حكومه‌تی عیراقی بڕیاری داخستنی ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانی به‌ڕووی گه‌شته‌ شارستانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دا،به‌ڵام له‌دوای نزیكه‌ی شه‌ش مانگ، له‌مانگی(٣)ی ئه‌مساڵ، به‌بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق گه‌مارۆی سه‌ر ئاسمانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ شارستانیه‌كان هه‌ڵگیرا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:43 0:00

XS
SM
MD
LG